کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کامیونداران چووە ناو دەیەمین ڕۆژەوە

11:28 - 10 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە مانگرتنی گشتیی کامیۆندارەکان کە دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە مانگرتووانی بەدواوە بووە، ئەم مانگرتنە هەروا درێژەی هەیە.

مانگرتنی گشتیی کامیونداران کە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە ڕۆژی ١ی خەزەڵوەر، لە بەشێک لە شارەکان، لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان دەستی پێ کرد، لە کاتێکدا ئەم مانگرتنە چووە ناو دەیەمین ڕۆژی خۆیەوە، کە گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر کامیۆندارانی مانگرتوو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لە کاردانەوە سەبارەت بەم مانگرتنانە و بێدەسەڵاتییان لە هەمبەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە، پلانی ئەم مانگرتنەیان پێوەندی داوە بە دوژمنانەکانیان و وتوویانە: "دوژمنەکانمان شەڕی دەروونیان دروست کردووە، کە جەژنی ٤٠ ساڵەیی ئینقلاب بەڕێوە نەچێت".

لێدوانی ئەم بەرپرسانە لە کاتێکدایە، کە شۆفێرانی ئەم کامیۆنانە بە شێوەیەکی بەردەوام داوای چارەسەریی کێشەکانیان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە، بەڵام سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکان بۆ چارەسەریی کێشەکانیان، هیچ وڵامێکی ئەرێنیان لەم ڕاستایەدا وەر نەگرتووە.

مانگرتنی ١٠ ڕۆژەی کامیۆنداران سەرکوت و دەستبەسەرکردنی زۆری بەدواوە بووە؛ لە حەوتەمین و هەشتەمینی ڕۆژی ئەم مانگرتنە، کامیۆندارەکان بە "ڕێبەندکەران" و "خراپکارانی سەر زەوی" تۆمەتبار کرابوون و هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم بە ئێعدام و سەرکوتی زیاتری کامیۆنداران نەیتوانی پێشگیری لە بەردەوامیی ئەم مانگرتنە بکات و هەروا لەسەر درێژەدان بە مانگرتنەکەیان سوورن.

ئەمە بۆ چوارهەمین جارە لە ئەمساڵدا کە کامیۆندارەکان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر گرانیی پێداویستییە سەرەتایییەکان و لاستیک، هەرزانبوونی نرخی کرێی بارەکان، گەندەڵیی پولیسەکانی هاتووچۆ، پێنەدان حەقی بیمەی بەشی دەوڵەت و بەرزبوونەوەی تەعرەفەی کۆمپانیا باربەرییەکان دەستیان بە مانگرتنی گشتی داوە.