کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کامیۆنداران بەردەوامە و دۆخی شۆفێران خراپتر بووە

11:15 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی گشتی کامیۆنداران چووە نێو ١٥هەمین ڕۆژ ی خۆیەوە و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم مانگرتنەش فراوانتر بووە.

مانگرتنی کامیۆنداران، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە گرانی کەلوپەل و لاستیکی ماشینە بارهەڵگرەکان لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان دەستی پێکرد و ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر چووە نێو ١٥هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

بەرپرسانی ئەمنیەتی و قەزایی ڕێژیم بێگوێدانە خواست و داواکاری کامیۆنداران بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکەن، کە ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەیان نەهێنن لەگەڵ کێشەی قەزایی ڕووبەڕوو دەبنەوە.

لەم ڕاستایەشدا محەممەدڕەزا عەداڵەتخا، بەرپرسی گشتی دادگای پارێزگای کرماشان هۆشداری بە مانگرتووان داوە کە ئەگەر بێت و کێشە لە هاتووچۆدا دروست بکەن ئەوا بە توندی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ناوبراو تۆمەتی "قطاع الطریق" یان "مفسد فی الارض"ی داوەتە پاڵیان.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لە دەستبەسەرکردنی تەنیا ١٠ لە کامیۆندارانی مانگرتوو کردووە، لە کاتێکدا ئامارە خۆجێییە ناوخۆییەکان باس لە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٢٣٠ کەس لەم پێوەندییەدا دەکەن.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شاردا گوشار بۆ کامیۆندارە مانگرتووەکان دەهێنن کە کۆتایی بە مانگرتنەکانیان بهێنن و دەست بە جووڵە بکەن.

 لەم پێوەندییەدا عەبدولهاشم حەسەن‌نیا، بەرپرسی پاراستنی ڕێگاوبانەکان و جێگری وەزیری ڕێگاوبان ئامادەیی خۆیانی بۆ شکاندنی مانگرتنی کامیۆنداران دەربڕیوە و لە جیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کامیۆندارانی مانگرتوو ڕایگەیاندووە: "لەهەر شوێنێک بۆ گواستنەوەی بار کێشە دروست ببێت، ئەوا ئەوان ماشینە حکومەتییەکانی ڕێکخراوی پاراستنی ڕێگەوبان بۆ ئەو شوێنە دەنێرن".

مێهدی کەریمیان، بەپرسی یەکیەتی کامیۆنداران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەر ڕایگەیاند: "زیاتر لە نیوەی کامیۆندارانی دەرەوەی شار لە سەرانسەری ئێراندا مانیان گرتووە و ئەم مانگرتنەش لە فراوانبووندایە، هەتا کاتێک کێشەکانی ئەم سێنفە چارەسەر نەکرێت، دەست لە مانگرتن هەڵناگرن".