کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆڕی کەشتیڕانی و خزمەتگوزاییە پێوەندیدارەکان ڕایگەیاندووە: کە پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا، ژمارەیەکی زۆر لە لەنگەرگاکانی دەرەوە، مانەوەی کەشتییەکانی ئێرانیان قەدەغە کردووە.
مەسعوود پۆلمێهـ ، بەرپرسی کۆڕی کەشتیڕانی و خزمەتگوزاییە پێوەندیدارەکان، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێگەنەدان بۆ چوونەژوورەوەی کەشتییەکانی ئێران بۆ نێو لەنگەرگاکانی دەرەوە، جەختی کردەوە، کە هێندێ لەم لەنگەرگایانە سەر بە وڵاتانی "دۆست و برادەر"ن.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "لەو کاتەوە کە ئامریکا لە بەرجام هاتووەتە دەرەوە، ٢٠ کۆمپانیای هاتووچۆی دەریایی، لەنگەرگاکانی ئێرانیان بەجێ هێشتووە و ئەو لیستەی کە لە خولی پێشووی گەمارۆوەکان دژ به پیشەی دەریاییی ئێران هەبوو، دیسان هاتووەتە گۆڕێ که ناوی کەسانێکی هەقێقی و حقووقی لە بیاڤی لەنگەری و دەریایی تێدا بەدی دەکرێت".
بە وتەی بەرپرسی ئەم کۆڕە، بە هۆی کێشەی گەمارۆوەکان و بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی ئەرز، نزیک به ٤٠ لەسەدی کرێکارانی لەنگەر و دەریا کەم بووەتەوە.
ڕێگەنەدان بە مانەوەی کەشتییە ئیرانییەکان دوا بە دوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە، کە ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە پێوەندیدارەکانی ئەم ڕێژیمه بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا کەوتوونەتە ژێر گوشاری ئابوورییەوە و هاتنەدەرەوەی زیاتر لە ٢٠ کۆمپانیای هاتووچۆی دەریایی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووریی کەرتی دەریایی ئێران هەیە و بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی ئەم بەشەی بە دواوە بووە.