کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی مەیل ئانلاین: ئینتێرپۆل بە شوێنی دوو کەس لە ئەندامانی کابینەی “ڕەیسـ"ـیدا دەگەڕێت

12:20 - 9 خەرمانان 2721

ماڵپەڕی ''مەیل ئانلاینـ''ـی بریتانیایی لەبارەی کابینەی ''ڕەیسی'' نووسیویەتی: "سەرکۆماری قەسابی ڕێژیمی ئێران دوو کەسی بە ناوەکانی ''ئەحمەد وەحیدی و مۆحسێن ڕەزایی'' وەکوو ئەندامی کابینەی خۆی هەڵبژرادووە کە دەستیان لە دانانەوەی بۆمب لە ئامیا لە ساڵی ١٩٩٤ لە بوینێس ئایرێس هەبووە کە ٨٧ کەس تێیدا کوژران و ئێستاش پۆلیسی ئینتێرپۆل بە شوێنیاندا دەگەڕێت".  

ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە لەو بۆمب دانانەوەدا حیزبوڵڵای لوبنان، سەر بە ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار کراوە و بەڵام کۆمیتەی لێکۆلینەوەی ئارژانتین لە لیکۆلینەوەکانی خۆیدا وتوویەتی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو هێرشەدا ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە.

''مەیل ئانلاین'' هەروەها نووسیویەتی: '' لە کاتی ئەو کردەوە تێرۆریستییەدا ئەحمەد وەحیدی، وەزیری نێوخۆی ئێران، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران بووە و مۆحسێن ڕەزایی جێگری کاروباری ئابووری ئیبراهیم ڕەئیسی، هەر دووکیان کە ساڵی ٢٠٠٧ وێرای چوار کەسی دیکەی ئێرانی کە ئینتێرپۆل حوکمی هۆشداریی سووری بۆ دەرکردوون لەو جینایەتەدا دەستیان هەبووە''.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئارژانتین لە بەیاننامەیەکدا دەستنیشانکردنی ''وەحیدی'' بە توندترین شێوە مەحکووم کردووە و داوای لە ڕێژیمی ئیران کردووە کە لەگەڵ سیستمی قەزایی ئارژانتین بۆ محاکمەی تاوانباران لە دادگایەکی بێ لایەن هاوکارییان هەبێت.

ئەو ماڵپەڕە باسی لەوە کردووە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کابینەی ڕەیسی لە ئەندامانی سپای پاسدارانن کە زۆربەیان لەلایەن ئامریکاوە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.