کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی ئیدارەیەکی فێدێراڵی ئامریکا لەلایەن ئێرانەوە هەک کرا

11:20 - 16 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی ئیدارەیەکی فێدێراڵی ئامریکا لە وڵامی کوشتنی "قاسم سلێمانی"، لەلایەن هەکێرە ئێرانییەکانەوە هەک کرا.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، ماڵپەڕی فەرمیی ئیدارەیەکی فێدێراڵی بڵاڤۆکەکانی ئامریکا، بۆ ماوەیەک هەک کرا و وێنەی "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی لەسەر دانرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئەو هەکێرانە هەروەها هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان بەهۆی کوشتنی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" لە ئامریکا کردووە.

هەکێرە ئێرانییەکان، لەسەر ماڵپەڕی ئیدارەی فێدێراڵ، ئەنیمەیشێنێکیان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا لەو ئەنیمەیشێنەدا لێی دەدرێت و مووشەکی ئێرانی دەهاویژرێت.

لە سەرەوەی ئەو ئەنیمەیشێنە نووسرابوو کە بە کوژرانی قاسم سلێمانی، "کار و ڕێگای ئەو"، کۆتایی پێ نایەت.

هەکێرەکان لەسەر ماڵپەڕی ئیدارەی فێدێراڵ کە ئیستا داخراوە، نووسیویانە: "ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک لە تواناییە سایبێرییەکانی ئێرانە".

ڕێژیمی ئێران پاش هێرشی ئامریکا بۆ سەر "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، بەردەوام هەڕەشەی لە ئامریکا دەکرد کە "تۆڵەی سەخت" دەکاتەوە.