کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی ئەلمانیتۆر: کوردەکان خوازیاری هەنگاوی کردەیی لەدژی تارانن

12:14 - 31 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی بەناوبانگی ئەلمانیتۆر ڕاپۆرتێکی لەپێوەندی لەگەڵ دوایین چالاکییە دیپلۆماتیک و سەربازییەکانی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئاوڕی لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دیدارەکانی بەڕێز مستەفا هیجری داوەتەوە.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران هیوادارن کە ئەگەر ئامریکا دەیهەوێ بەجیددی بەرەوڕووی ڕێژیمی تاران ببێتەوە، ئەوان ببنە بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتی گۆڕینی ڕێژیم کە سیاسەتی نوێی کۆشکی سپییە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە سەفەری بەڕێز لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ ئامریکا کراوە و تێیدا هاتووە: ڕێبەری حیزبی دێموکرات سەردانی واشینگتۆنی کردووە و لەوێدا بۆ باسکردن لەسەر ڕەوشی ناوخۆیی ئێران و داهاتووی کوردستان لەگەڵ کاربەدەستانی ئیدارەی ترامپ و کۆنگرێسمەن و تینک‌تەنکەکانی ئامریکا کۆ بووەتەوە؛ هەروەها تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە گرینگی ئەم دیدارەی ڕێبەرایەتی کورد لەوەدا بووە کە بەپێچەوانەی چاوپێکەوتنەکانی پێشووتر سیگناڵی نوێ و جیددیتر بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران لە ئارادایە ئەمەش بەتایبەتی هاوکاتە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ چەکدارانی سپای پاسداران.

ئەلمانیتۆر هەروەها نووسیویەتی: ڕێبەری کوردەکان پێشتر لەگەڵ نووسینگەی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی کرێکاران کۆدەبوویەوە بەڵام ئەمجارەیان چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی بەشی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ئەنجام داوە کە ئەمە خاڵێکی جیاواز و گرینگە بەبەراورد لەگەڵ چاوپێکەوتنەکانی پێشووتر.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە جیاوازی گوتاری ئەمجارەی ڕێبەری کورد کراوە کە تێیدا کۆمەڵێک پرسی سیاسی گرینگ و یەک لەوان ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دواڕۆژی کوردستان و ئێران لەگەڵ کاربەدەستانی ئامریکا هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها ئاماژە بە دیداری بەڕێز هیجری لەگەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەن کراوە کە بە یەکێک لە گریگترین و شوێندانەرترین تینک‌تەنکەکانی ئامریکا دەژمێردرێ کە کار دەکات لەسەر سیاسەتی دەرەکی ئامریکا بۆ نموونە ئەم ناوەندە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر شێوەڕوانینی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی.

پاشان ئاماژە بە قسەکانی "ئێڵی ئێم گۆڵد" جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەن دەکات و دەڵێ: "پێویستە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێین. پرسیار ئەوەیە چۆن ئەم هەنگاوە بنێین؟ لەرێگەی گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کە لە ئێران رابەرایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، دەبێت هەوڵبدەین گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی ئەم وڵاتەدا بکەین".

هەروەها ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەن ڕایگەیاندووە کە باشترین بژاردە کە بتوانێ وەک مێکانیزمێک لەدژی کۆماری ئیسلامی کار بکات هێزە کوردییەکانی ئێرانن و ئامریکا دەبێ نەتەوەکانی خاوەن هێزی سەربازی یەک بخات تاکوو بتوانن بەرەوڕووی تاران ببنەوە.

هەروەها تێیدا ئاماژەی بە لێدوانێکی بەڕێز هیجری بۆ کاناڵی کوردستان ٢٤ کردووە کە دەڵێ: "وەكوو كوردی ئێران كە یەكگرتووترین ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانین، لەو دۆخەدا پێویستە ھەوڵی خۆمان بدەین، بۆ پەیداكردنی دۆست و ھاوكار، بۆ ئەوەی پەیوەند لەگەڵ ئاڵوگۆڕی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، رۆڵی سەرەكیمان ھەبێت، بەو ئامانجەی دەسكەوتی سیاسی بۆ خەڵكی كورد فەراھەم بكەین".