کوردستان میدیا: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا به‌ڵێنی دا، کە كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریه به هیچ شێوه‌یه‌ک كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوكاریی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل دانانێت و ئەم کارە مانای ئەوە نییه كه ده‌ست له لەنێوبردنی داعش و دژایه‌تیكردنی ڕێژیمی ئێران هه‌ڵ ده‌گرن.
پۆمپێئۆ، له یه‌كه‌م كۆمێنتیدا له باره‌ی بڕیاری دانڵد ترامپ، بە نیسبەت كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریە وتی: "كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له سووریه هیچ له هاوكاریی نێوان واشنگتۆن و تلافیڤ کەم ناکاتەوە".
ناوبراو وتیشی: "وێڕای بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئامریکا له سووریه، پێویسته له‌سه‌ر گرنگیدان به هه‌ڵمه‌ته‌كانمان دژ به داعش و دژایه‌تیكردنی ڕێژیمی ئێران به‌رده‌وام بین".
پۆمپێئۆ لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، "میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی هاوكاریی هه‌واڵگه‌ری و پرۆسه سه‌ربازییه‌كانمان له سووریه و شوێنه‌كانی دیكه تاوتوێ ده‌كه‌ین، جگه له‌مه‌ش ئامانجێكی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌و دیداره‌مان بریتییه له تاوتوێكردنی چۆنیه‌تی ڕێگه‌گرتن له فراوانخوازی دوژمنكارانه‌ی ڕێژیمی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا".
ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بەفرانبار، سەرۆکی ئامریکا، سەردانی هێزە سەربازییەکانی لە وڵاتی عێراق کرد و لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە ئێستەدا بە مەبەستی پێش‌گرتن لە یاخیبوونی داعش و سپای پاسداران و داکۆکیی لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، هێزەکانمان لە عێراقدا دەمێننەوە، هەتا ڕێگە لە دووبارە دروستبوونەوەی داعش بگرن و ڕێژیمی ئێران لە ژێر چاودێرماندا بێت".
دواى ڕاگه‌یاندنى بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئامریکا له لایه‌ن ترامپه‌وه، لێدوان و شرۆڤەکان جیاوازن و به‌رپرسانى ئامریکا باس له‌وه ده‌كه‌ن، پێشبینى ده‌كرێت ترامپ له كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئا‌مریكا له سووریه نه‌رمی بنوێنێت.