کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: ئێران بەرانبەر بە کاولکارییەکان لەو ناوچەیە بەرپرسیارە

16:43 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە کاولکارییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت وڵاتی یەمەن بەرپرسیارە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەڤزیۆنی "بی‌بی‌سی"، جارێکی تر جەختی لە دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی بە پاڵپشتی ماڵی و پڕچەک کردنی میلیشیا چەکدارەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە، کردەوە و ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرسیار لە بەرانبەر کاولکارییەکانی وڵاتانی ناوچە و بەتایبەت وڵاتی یەمەن، زانی.

پۆمپێئۆ، لە سەرەتای وتووێژەکەیدا وێڕای ئاماژەکردن بە دۆزینەوەی ڕێکارێکی سیاسی گونجاو بۆ پێشگرتن لە پشتیوانی و پاڵپشتییەکانی ئێران لە ملیشیا چەکدارە حوسییەکانی یەمەن، وتی: "ڕێژیمی ئێران میلیشیا چەکدارە حوسییەکان بە مووشەک پڕچەک دەکات تاکوو حوسییەکان ئەو مووشەکانە ڕو وبە کۆشکی پاشایەتی عەرەبستانی سعودی بهاوێژن".

هەروەها لە درێژەی باسەکەیدا وتی: "ئێران سەرەڕای ئەوەیکە هۆکار و دەسپێشخەری شەڕە لە وڵاتی یەمەن، بەڵام هیچ یارمەتییەکی مرۆڤدۆستانەی بە خەڵکی ئەو وڵاتە نەکردووە، ئەوە جیاوازییەکی بەرچاوە لە نێوان ئەوان (ڕێژیمی ئێران) و پاشای عەرەبستانی سعودی کە چەندها میلیۆن دۆلار یارمەتی مرۆڤدۆستانەی بۆ وڵاتی یەمەن هەناردووە".

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووانی ئەمریکا لە بەشێکی تری ئەو وتووێژەدا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گۆشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە پێ دەدات تاکوو ئێران ناچار بێت واز لە کردەوەکانی لە ناوچەدا بهێنێت.

ناوبراو لە کۆتاییشدا تیشکی خستە سەر چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ڕایشیگەیاند، وێڕای ئەوەیکە گەمارۆ و گۆشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە داهاتوودا زیاتر دەبێت، بەڵام ئەو گەمارۆیانە دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان لە خۆیان ناگرنەوە، بەڵکوو گوشارن بۆ سەر ئێران و ئەو ڕێژیمە دەبێت کردارەکانی بگۆڕێت، لە هەڕەشە کردن بۆ سەر وڵاتەکان و پڕچەک کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە، واز بهێنێت.