سەرپەرەستی هەنگی سنووریی پارێزگای سنە لە سەردانێک بۆ نووسینگەی "تەسنیم" ڕایگەیاند: "لە ئەگەری کۆنترۆڵنەکردنی سنوورەکان، دژبەرانی شۆڕش و ئەشرار دزە دەکەنە نێوخۆی ئێران و لەو پەیوەندییەدا ٩٠٠ کەس لە قاچاخچییەکان لە ئەمساڵدا، لە سنوورەکان دەسبەسەر کراون".
محەممەد عارف سپێهری هەروەها ڕایگەیاند: "ئەوە کەسانەی لەژێرناوی کۆڵبەری چالاکی دەکەن، هاووڵاتییانی نیشتەجێی سنوورەکان نین و بەڵکوو کەسانێکن لە دەرەوەی پارێزگاوە هاتوون".
ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران هەروەها وتوویەتی: "هاووڵاتییانی نیشتەجێی سنوورەکان بە کۆکردنەوەی ٥٠٠ واژۆ، خوازیاری تەمێکردن و سزادانی ئەو کەسانە بوون".
سەرپەرەستی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنە ئەوەشی خستە ڕوو کە هەنگی سنووری لەگەڵ هەر جۆرە دەسدرێژی لە سنوورەکان بەپێی یاسا هەڵسووکەت دەکات و هەرهاتوچۆیەکی نایاسایی بە توندی وڵام دەداتەوە و هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لەبەرانبەر یاسا لەلایەن مەئموورانەوە، تاوان بە ئەژمار دێت و مەئمووران دەبێت وڵامدەر بن.
ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران هەروەها وتویەتی: "ئەگەر سنوورەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، لێکەوتەی زۆری بەدواوە دەبێت و دژبەرانی شۆڕش دزە دەکەنە نێوخۆی وڵات و ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵک تێک دەدەن".