کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی چەند بەرپرسێکی ڕێژیم بەهۆی کۆرۆناوە

12:38 - 16 رەشەمه 2719

بەهۆی تەشەنەسەندنی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران، ئەم ڤایرۆسە داوێنی بەرپرسانی ڕێژیمیشی گرتووەتەوە و زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیم تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە.

ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم گیانلەدەستدانی "عەلی خەلەفی"، جێگری "ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ڕێژیم بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی مەسیح دانشوەری تارانی پشتڕاست کردەوە.

هەروەها چەند بەرپرسێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە کە بریتین لە "ئەحمەد خوسرەوی"، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی "سازمانی مەعارف ئیسلامیی سەدرا" گرێدراو بە ''سازمانی تەبلیغاتی'' ڕێژیم و ''هادی خسروشاهی''، باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە "واتیکان".

هەر لەم پەیوەندییەدا، ''فاتمە ڕەهبەر''، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی تاران لە تاقیگای کۆرۆنا وڵامی تاقیکارییەکەی ئەرێنی بووە و چووەتە کۆماوە.

 هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەرگی ''محەممەد میرمحەممەدی''، ئەندامی کۆڕی لێکدانەوەی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم هەموو هەوڵی خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی بەرپرسانی خۆی و پێشگرتن لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە، بەڵام بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم زیاتر تووش بوونە.