کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی گوماناویی ئەندامێکی سپای پاسداران لە یەمەن، شوناسی "حەسەن ئەیرلوو"ی خستە ڕوو

12:12 - 2 بەفرانبار 2721

بە دوای کوژرانی "حەسەن ئەیرلوو" یەکێک لە ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە یەمەن کە وەک باڵوێزی ئێران لەلای حووسییەکان خەریک بە خۆشخزمەتی بە ڕێژیم و دەستێوەردان لە کاروباری ناوچە بوو، وردکارییەکی زۆرتر لەسەر شوناس، کردەوە و ڕۆڵی ناوبراو خرایە ڕوو.

"حەسەن ئەیرلوو" بە نازناوی "عەلیڕەزا شەهلایی" وەک جێگر و جێنشینی "قاسم سلێمانی"، داڕێژەری عەمەلییاتە تێرۆریستییەکان لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان، فەرماندەی سپای قودس لە یەمەن لە عەمەلیاتێکی شاراوەی پێنتاگۆن و ئەرتشی ئامریکا لە یەمەن کوژرا.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئیدعایان کردبوو کە "ئەیرلوو" بەهۆی کۆرۆنا مردووە و بەهۆی خراپیی دۆخی ناوبراو بە هاوکاریی چەند وڵاتی ناوچە گەڕاندوویانەتەوە بۆ ئێران و پاش باشتربوونی دەگەڕێتەوە یەمەن.

گومانەکان لەسەر مردنی "ئەیرلوو" کاتێک هاتە ئارا کە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیران لە وشەی "شەهید" بۆ مردنی ناوبراو کەڵکیان وەرگرتبوو و کاربەدەستانی ڕێژیمیش وتەی پێکناکۆکیان لەسەر مردنی ناوبراو بڵاو کردبووەوە.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا "ئەیرلوو" بە تاوانی فەرماندەیی کردەوە تێرۆریستییەکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و عەرەبستان لەژێر چاوەدێریی پێنتاگۆن و "ئێف‌بی‌ئای" بوو.

ناوبراو لە سەرەتای هاتنی بۆ سپای قودس لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بە شوناسی شاراوە ژیانی کردووە و وەک کەسی یەکەم و جێگری قاسم سلێمانی ئەرکی داڕشتنی کردەوە تێرۆریستییەکان لە لوبنان، سووریە، یەمەن، عەرەبستان و ئورووپادا لە ئەستۆ بووە.

هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان، مەقەڕی موجاهدینی خەلق لە لیبرتی، هێرش و کوشتنی بەشێکی زۆر لە هێزەکانی ئامریکایی لە عێراق لە کردەوە تێرۆریستییەکانی "ئەیرلوو" دێنە ئەژمار.

لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨ وێنەی ناوبراو لەلایەن وڵاتی ئامریکا وەک سەرچاوەی ناسەقامگیریی ناوچە و کردەوەی تێرۆریستی بڵاو کرایەوە و خەڵاتێکی بە بڕی پازدە ملیۆن دۆلار لەهەمبەر هەر جۆرە زانییارییەک لە "ئەیرلوو" دیاری کردبوو.

بەپێی زانییارییەکان، سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ڕێژیم سەرچاوە ئامریکاییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە "شەهلایی" هەمان "حەسەن ئەیرلوو"یە کە لەلایەن پێنتاگۆن و "ئیف‌بی‌ئای" لەژیر چاوەدێرییە و وەک باڵوێزی ئێران لە یەمەن خەریک بە کردەوەی تێرۆریستییە.

بە دوای ئاگادارکردنەوەی سەرچاوە ئامریکاییەکان لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەرنامەیەکی داڕێژراو بە کەڵکوەرگرتن لە شەڕکەرەکانی عەرەبستان بە هاوکاریی ئامریکا، ناوبراو کوژرا.