کوردستان میدیا

سێشەممه 28ی خەزەڵوەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دەوڵەتەکان بە جێگای پلاندانان بۆ سەرکوتی نەتەوەی کورد، بیر لە چارەسەریی پرسی کورد بکەنەوە

11:06 - 28 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بوونی دەسەڵاتێکی کوردی لە بەشێکی دیکە لە خاکی کوردستان لە لایەن تورکیەوە جێگای قەبووڵکردن نەبوو، بۆیە تورکیە بە هەموو تواناوە هێرشی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا کرد.

"مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی "تیشکـ"دا،  لەبارەی کشانەوەی ئامریکا لە سووریە باسی لەوە کردووە که سیاسەتی "ترامپ" لە سەردەمی تەبلیغاتیی هەڵبژاردنەوە کە هێشتا نەببوو بە سەرکۆمار ئەوە بوو کە هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکشێنێتەوە.

لەو وتووێژەدا هاتووە: "کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە واتای چراسەوزێک نییە کە ئەردۆغان هێرش بکات، بەڵام ئەو بۆچوونە دروست نییە، چونکە ترامپ هاوڕای ئەو هێرشە نەبووە و ئێستاش هاوڕای نییە".

لەبارەی سیاسەتی کورد بۆ پێوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی ئاماژه بەوە کراوە کە کورد بەو ئەزموونەی کە له مێژووی خۆیدا بوویەتی، نابێ بە حەرەکەتێک کە لایەنێک هاوڕایەتی و لایەنێک پشتیوانی لێ دەکات، ئەوە بە دۆست و دڵسۆزی هەمیشەیی خۆی بزانێت.

هاوکات لەبارەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کردووە: "کاتێک دروشمەکان مەرگ بەر ئامریکا و ئەردۆغان بوو، ڕێژیم هیچ کێشەی بۆ خەڵک دروست نەکرد، بەڵام کاتێک دروشمەکان گۆڕان، دەستیان بە سەرکوتی خەڵک کرد".

"هیجری" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "لە واقعدا هەموو ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و هەموو پاشەکشەکانی کورد، ئەو وانەیە بە ئێمە دەدات کە ئەگەر توانای دەرس وەرگرتنمان لە مێژوو و لە ڕووداوەکاندا هەبێت، ئەوەمان پێ دەڵێت کە بەشێک لەو ئاڵوگۆڕانە کە بە زیانی ئێمە دەشکێتەوە، پەیوەندی لەگەڵ هەڵەکانی ئێمەی کورددا هەیە".