لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوڕێیەتیی بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەردانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە چیاکان کرد.
لەو دیدارەدا دوو هێزی ١٢٢ و ١١٥ی پێشمەرگەی کوردستان بە بەڕێوەبردنی سانی نیزامی پێشوازییان لەو هەیئەتە کرد و پاشان فەرماندەرانی هێز بەخێرهاتنی گەرمی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد.
"مستەفا هیجری" فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە چەندین کۆبوونەوەی سیاسیی بۆ پێشمەرگەکان پێک هێنا و بەنیسبەت دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و کوردستان و دەور و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە قسەی کرد.
ناوبراو لە باسەکانیدا سپاسی کار و چالاکیی ماوەی ڕابردووی هێزی پێشمەرگەی کرد و باسی لە دەوری هێزی بەهێزی پێشمەرگە لە ئاڵوگۆڕەکاندا کرد.
"هیجری" لەم قۆناغە لە خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکماندا شاخی بە پشتیوانی خەباتی جەماوەری شار وەسف کرد و بۆ هەرچی باشتر گرێدانی ئەم دوو بەشە لە خەبات بەوردی پێداگریی کرد.
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە میانەی کۆبوونەوەی تایبەتی خۆی لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزەکانی ١٢٢ و ١١٥، لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران، دۆخی نالەباری ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و دەوری حیزبی دێموکرات لەم قۆناغە لە خەبات، بەوردی باسی کرد.
ناوبراو هێزی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە زامنی سەرەکیی سەرکەوتنی خەباتی نەتەوایەتیمان زانی و باسی لە شوێندانەریی هێزی پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل کرد.
فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لەو کۆبوونەوانەدا بەوردی گوێی بۆ ڕا و سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکان ڕاگرت و دواتر وڵامی دانەوە.
لە میانەی دیداری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەندین شوێن و پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە سەردانی کرا و لە کۆتایی ئەم سەردانەدا، لێپرسراوی گشتی سەرنج و تێبینییەکانی خۆی بەنیسبەت ئاراستەی نیزامی و کار و تێکۆشانی پێشمەرگەکان پێشکەش بە بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی و فەرماندەرانی پێشمەرگە کرد.