کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لە دیدارێکدا دواپێشهاتەکانی کوردستان و ئێرانی خستە بەر باس

11:13 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات پاش کۆنفڕانسی "داهاتووی نەتەوەکانی ئێران" لە پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا، لە دیدارێک لەگەڵ ئەندامی گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان، دواپێشهاتەکانی کوردستان و ئێرانی خستە بەر باس.

''مستەفا هیجری''، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە مەبەستی کۆنفڕانسێک لە پارلمانی ئورووپا سەردانی وڵاتی بێلژیکی کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی سەرماوەز، پاش وتەکانی لە کۆنفڕانسی "داهاتووی نەتەوەکانی ئێران"، لەگەڵ ''ئاندریاس شیدر''، ئەندامی گرووپی سوسیال دێموکراتەکان چاوپێکەوتنی کرد.

لەو دیدارەدا، ''مستەفا هیجری'' باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دواپێشهاتەکانی کوردستان و ئێران خستە بەر باس و ئاوڕیان لە پرسی کورد لە ئێستای ئێراندا دایەوە. لەم چوارچێوەدا زیاتر تیشک خرایە سەر خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانە و هەروەها ئەو تاوانانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە دژ بە خەڵک ئەنجامی داوە.

لەم چاوپێکەوتنەدا ژمارە و لێکەوتەکانی سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییە لە ئێران و کوردستان باسی لەسەر کرا.

 ئەوەی بە لای ''ئاندریاس شیدر''ەوە جیگای ڕاوەستەکردن بوو، هەلومەرجی نێوخۆیی ڕێژیم و هەروەها هێزە دێموکراسیخوازەکان لە ئێراندا بوو و هەروەها لە لای خۆیەوە ئەو پرسیار و تێبینییانەی خستەڕوو کە وەک پارلمانی ئورووپا دەتوانن ئەنجامی بدەن.

لە ئەنجامی ئەم دیدارەدا لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات داوای لە پارلمان و ناوەندەکانی بڕیاردەری ئورووپا کرد کە بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران جیددی بن، تاکوو ئەم ڕێژیمە پاشەکشەی پێ بکرێت. لە هەمان کاتدا داوای لێیان کرد کە پشتیوانی خەڵک و هێزە دێموکراسیخوازەکان لە ئێران و کوردستان بن.