کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات زیاتر لە ٧٠ ساڵە خەبات دەکەین بۆ لەنێوبردنی ستەمە نەتەوەیییەکان

13:33 - 31 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ ڕووداو، باسی لە دانیشتنەکان و ئاکامەکانی لە سەفەرەکەی ئامریکادا کرد.

 شەوی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان، کاناڵی ئاسمانیی ڕووداو، چاوپێکەوتنێكی بۆ "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە بارەی سەفەرەکەی بۆ ئامریکا پێک هێنا.

لەو چاوپێکەوتنەدا لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پرسیاری داواکارییەکانی سیاسەتڤان و بەرپرسانی ئامریکایی لە حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ئۆپوزسیۆن چی بووە، وتی: "ئەوان داوایەکی تایبەتیان نەبوو، بەڵام ئێمە پەیاممان هەبوو لەگەڵیان دانیشتین و بیر و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە کوردی ڕۆژهەڵات باس کردووە و وڵامی پرسیارەکانی ئەوانمان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەدا هاتووەتە پێشێ، لەسەر مەسەلەی ئێران بەتایبەتی دوای ئەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و بەتایبەتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا کە لە ماوی یەک ساڵی ڕابردوودا پەرەی گرتووە و بەردەوام پەرە دەگرێت داواتەوە، ئەمانە ئەو باس  و بابەتانە بوون بە نەزەر ئامریکایییەکان گرینگ بوون، کە لە ئێمەی ببیسن بۆ ئەوەی بزانن بیر و بۆچوونی ئێمە چییە و  دواڕۆژی ئەو ئاڵوگۆڕانە بە کوێ دەگات لە ئێراندا، بەتایبەتی یەکێک لە تینتاکەکان کە هەر لە پەیوەندی لەگەل ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی پێک هێنابوو کە ئێمە بەشداریمان کردبوو.

هەروەها لە وڵامی پرسیاری مەبەستی ئامریکایییەکان لە گۆڕانکاریی لە ئێراندا چییە؟ وتی: "ئەوەی تاکوو ئێستا بە شێوەی ئاشکرا باسی دەکەن، هەم لە میدیاکاندا هەم لە دانیشتنەکاندا  مەسەلەی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمە، بەتایبەتی لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ئەو هەیئەتەی لەگەڵ ئێمە دانیشتن مەسەلەکانیان بەو شێوە باس دەکرد. بێجگە لە مەقامە ڕەسمییەکانیان کەسانی وا هەبوون باسیان لە گۆڕانی ڕێژیم دەکرد".

مستەفا هیجری لە پرسیاری بەشداریکردنی لە چەن ورکشۆپ و پانێلێک لە بارەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و چارەسەرکردنی ئەم پرسە و چییەتی ڕای ئاکادمیسییەکان لەم بارەوە وتی: "دەیانەوێت مەسەلەی کورد لە ئێراندا بە شێوەیەکی عادڵانە چارەسەر بکرێت کە هەم کورد هەم باقی ئێرانییەکان بە هەر پێکهاتە و  ئایین و نەتەوەیەکەوە بتوانن لە ئێرانێكدا کە هەموویان بە چاوێک چاو لێ دەکرێن، وەک هاووڵاتیی دەرەجە یەک سەیر بکرێن و ئەو جیاوازییانەی کە کورد و نەتەوەکانی تر لەگەڵ ناوەندی ئێران هەیانە نەمێنێت"

لە وڵامی پرسیاری تاوانبارکردنی حیزبی دێموکرات بە  هاوکاریکردنی ئامریکاوە وتی: "ئەمانە ئەو بەرچەسەپانەن کە ڕێژیمی ئێران لە ئێمە و هەموو ئەو کەسانەی جیاوازی بیر و بۆچوونیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە دەیدەن، بەڵام هەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەم هەموو دنیا دەیزانێت کە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات زیاتر لە ٧٠ ساڵە خەبات دەکەین بۆ لەنێوبردنی ستەمە نەتەوەیییەکان و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکان، بۆیە ئەو خەباتەی ئێمە گرتوومانەتە پێش شتێك نییە لە ئاڵوگۆڕەکانی ئامریکادا کاریگەریی هەبووبێت، بۆیە ئێمە ئەو تۆمەتانە بە تەواوی ڕەت دەکەینەوە. ئامریکا یان هەر لایەنێکی دیکە یارمەتی بدات یا نەیدات، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێی بیر و باوەڕ و ئەرکێکی کە لەسەر شانییەتی لە پێوەندی لەگەڵ گەیشتن بە ئامانجەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا خەباتی خۆی درێژە پێ دەدات، بەبێ ئەوەی هیچ یارمەتییەکمان لە ئامریکا وەرگرتبێت".

هەروەها لە بارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و باسکردنی ئەم مەسەلە لە لایەن ئامریکاوە دوای دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکان ناوبراو وتی: "باسکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ئامریکایییەکانەوە وەک فاکتەرێکی گرینگ چاوی لێ ناکرێت، بەڵکوو ئەوەی ئێستا مەترەحە مەسەلەی ڕێژیمی ئێران لە تەواویەتی خۆیدایە".

لەمەڕ پرسی پێکدادانی ئەم دواییەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ‌هێزەکانی ڕێژیم لە سیاکێوی شنۆ و هۆشداری ئێران بە حكوومەتی هەرێـم، کە حکوومەتی هەرێم  لە زاری وتەبێژەکەیەوە وتی: "ڕێگە نادرێت لە ڕێگەی هەرێمەوە هێرش بکرێتە سەر دراوسێیەکان، مستەفا هیجری وتی: "دیارە ئێمە ڕێز دادەنێین بۆ بڕیاری حکوومەت و پێمان خۆشە یارمەتی بدەین و وەک حکوومەتی خۆمان سەیری دەکەین، لەو ڕاستایەشدا ماف بە خۆمان دەدەین، کە ئێمەش  وەکوو بەشێک لە کوردستان تێکوشانی خۆمان درێژە بدەین بۆ ڕزگاری".

لە پرسیاری بوونی هاوکاریی لەگەڵ حیزەبەکانی دیکەی ئۆپوزسیۆنی کوردی بۆ چالاکی پێشمەرگانە، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات وتی: "نەخێر بۆ چالاکی پێشمەرگانە لەگەل حیزبەکانی ئۆپوزسیۆن هاوکاریمان نییە، چونکە ئەوان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بەشە ئیقدامێکیان نەکردووە"

لە بارەی داواکاریی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوانەدا، وتی: "ئێمە داوامان کردووە کە یارمەتیدەری خەڵكی ئێران بن، کە  زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە هاتوونەتە سەر شەقام بۆ  دژایەتیدەربڕین لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری  ئیسلامی و پێمان وتن، کە ئێستا کاتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵک بدەن، هەتا خەڵک ئیحساسی ئەوە بکەن  کە لە بەرانبەری زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لایەنێکی دیکەی بەهێز هەیە کە پشتیوانیان لێوە دەکات، هەروەها یارمەتی حیزبە ئۆپوزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، کە بتوانین لە بەرانبەر سەرکوتی ڕێژیمدا باشتر خۆمان ڕابگرین و درێژە بدەین بە خەباتەکەمان".

هەروەها لە پرسیاری ڕەخنەی یارمەتیدانی حیزب لە لایەن عەرەبستانەوە وتی: "لە ڕاستای ئەوەدا ئێمە یارمەتی لە عەرەبستان وەردەگرین ڕاست نییە ، ئێمە وەرگرتنی هاوکاریی بە مەبەستی لاوازکردن و ڕووخاندنی رژیم پێمان شتێکی ڕەوایە".

هەروەها لە کۆتاییی چاوپێکەوتنەکەیدا لە بارەی ڕەخنەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە یەکنەگرتووییی ‌ڕیزەکانی ئۆپوزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات وتی: "ڕەخنەی خەڵکی کورد لە کوردستاندا جێگەی ڕێزە ئێمەش زۆر بە گرینگی وەری دەگرین، پێکهێنانی  ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی ئۆپوزسیۆن وڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەیە کە خەڵک لە ئێمەی دەگرن و لەو ڕاستایەدا ئێمە تێ دەکۆشین کە لێک نزیکبوونەوەکانمان لەگەڵ هێزە کوردییەکان باشتر بکەین".