"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ "تیشک تیڤی" لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا و کاریگەریی ئەو هەڵبژاردنانە لەسەر دۆخی نێوەڕاستی ڕۆژهەڵات و ئێران باسی لەوە کردووە: "چ بایدێن بێ وەکوو دێموکراتەکان یا ترامپ یا یەکێکی دیکە لە کۆماریخوازەکان، بە قازانجی خەڵکی ئامریکا کار دەکەن ئەوان، ئەوەمان نابێت لەبیر بچێت کەس نایا بە قازانجی خەڵکی کورد شەڕ بکا بەڵام کورد بۆخۆی دەتوانێ سیاسەتێک بگرێتە پێش کە سەرنجی ئامریکا یان وڵاتانی دیکە بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و بتوانێ لە گەمەکاندا،هێز بێ."
ناوبراو لەبارەی سیاسەتی ئامریکا و گەمارۆکانی ئامریکا دژی تاران باسی لەوە کردووە ئەو گەمارۆیانەی ئامریکا ئاکامی هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە سیاسەتی خۆیدا.
"هیجری" بەنیسبەت سیاسەتی ئامریکا لە ناوچەدا دوو خاڵی باس کردووە کە ئەو دوو خاڵە لە سیاسەتی ئامریکادا نەگۆڕن یەکەم: ''هەر دەسەڵاتێک لە ئامریکا بێتە سەر کار دەبێ ئیسرائیل بپارێزی؛ دووهەم: شەڕی تێرۆر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا درێژە پێ دەدات".
ناوبراو باسی لەوە کردووە : " ئامریکا ئەوە دەخوازێت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت دەستی بە چەکی ناوکیی بگات و هەروەها مووشەکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا مەترسیی پێکهێناوە بۆ سەر دۆستانی ئامریکا دەبێ سنووردار بکرێتەوە".
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەو وتووێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "کاتێک هێز بووی خەڵکی دیکە بەخاتری قازانج و بەرژەوەندیی خۆی بەدواتدا دەگەڕێ، بەڵام کە هێز نەبووی هەر پەرتەوازە بووی، دابەش دابەش بووی، دژی یەک کارت کرد، دژی یەک سیاسەتت بەڕێوە برد، سەرنجی زلهێزەکان و تەنانەت وڵاتەکانی ناوچەش بۆ لای خۆت ڕاناکێشی".
ناوبراو لە کۆتایی ئەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە: "ئەو بەرژەوەندییەی کە بۆ ئێرانی داهاتوو دەیبینم ئەوەیە کە حکوومەتێک لە ئێراندا بێتە سەر کار کە ئەو کەموو کوڕیانەی کە ڕێژیمی پاشایەتی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و بەتایبەت بۆ نەتەوەکانی ئێرانی بوویەتی،ئەو سیاسەتە وەلا بنێ".
"هیجری" لەبارەی سیاسەتی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوە کردووە: "سیاسەتەکەمان پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکراتیکی فێدراڵە، فێدراڵ بە مانای ئەوەیکە لە چوارچێوەی ئێراندا بەڵام، ئێمەی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەش وەکوو نەتەوەیەک مافی سیاسی خۆمان هەبێ".