کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ ملیۆن لە خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی ڕەهاوە

12:07 - 26 بەفرانبار 2721

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران پێشبینی کراوە کە لە ساڵی یەکەمی دەوڵەتی "ئیبراهیم ڕەئیسی" لانیکەم ٨ ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران دەچنە ژێر هێڵی هەژاریی ڕەهاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "گرووپی ئیقتسادی" بارودۆخی بژێویی گشتیی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ قەیراناویتر دەبێت، بەپێی زانیاریی "پێگەی خۆشبژێویی ئێرانییەکان"، لە ساڵی ٩٩دا ٢٦ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیاون واتە ٣٠ لەسەد و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتێکیان نەبووە و لە لانیکەمیی ژیانیان کە خۆراک و خانوبەرەیە بێبەشن.

تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەو حەشیمەتە کە ٣ ملیۆن بنەماڵە پێک دەهێنن، یارانەی ٤٥ هەزار و ٥٠٠ تمەنییە. ئەو ئامارە پەیوەندیی بە ساڵی ٩٩وە هەیە و شەپۆلی گرانییەکانی ساڵی ١٤٠٠ی نەخراوەتە سەر.

تەنانەت ئەو ئامارە فەرمییەش جێگای پەسەندی بەرپرسانیی ڕێژیمی ئێران نییە و لە باسکردنی خۆ دەبوێرن. "بێهرووز موحیبی" نوینەری مەجلیسیی ڕێژیم وتوویەتی: "دوێنێ ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادا دەژیان ٢٠ ملیۆن کەس بڵاو کرابووەوە کە پتر لە ٦ ملیۆن کەس لەگەڵ ئاماری فەرمی مەودای هەیە".

لە وەها هەلومەرجێکدا "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕەوتی سەفەرکردن بۆ پارێزگای "یەزد" بۆ چەواشەکاری جەختی کردووەتەوە کە لە کورتماوەدا هەژاریی ڕەها لە ئێران بنبڕ دەکەن.

هەروەها "حەسەن ڕوحانی" سەرکۆماری پێشووی ڕێژیم چەند ساڵ پێش ئەو قسانەی کردبوون و وتبووی: "لە دەوڵەتی ئێمەدا هەژاریی ڕەها بە شێوەی گشتی بنبڕ دەکرێت".