کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵێکی کار لە ئیسفەهان ئاگر درا

17:43 - 22 بانەمەڕ 2720

دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەی دزێوی دیکەی لێ دەکەویتەوە و ئەمجارە چەند کەس لە ئیسفەهان منداڵێکی کار بە مەبەستی دزینی دەستڕەنجی ڕۆژانەی ئاگر دەدەن.

ڕۆژی شەممەی حەوتووی ڕابردوو، ١٣ی بانەمەڕ، منداڵێکی کار لەلایەن چەند کەسەوە کە مەبەستیان لیێوەرگرتنی پارەی بەدەستهاتووی لە کاری ڕۆژانەی بووە، دزراوە.

کاتێک کە ئەو منداڵەی کار لە بەرانبەر پێدانی پارەکەی بەو کەسانەدا خۆڕاگری دەکات، بێنزین بەسەر ئەو منداڵەدا دەکەن و دەیسووتێنن کە تووشی سووتاویی یەک دەرسەدی دەبێت.

ئەو ڕووداوە لە دەوروبەری مەیدانی "ئینقلاب" لە شاری ئیسفەهان ڕوویداوە.

لە ئێران بەهۆی بارودۆخی نالەباری چەندین ساڵەی ئابوورییەوە ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان لەو وڵاتەدا بە نەخوازراو یان لەژێر گوشاری بنەماڵە یان لەژێر گوشاری کەسانێک کە دەیانکڕنەوە، لەسەر شەقامەکان کرێکاری دەکەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە یاسای هەموو وڵاتانی جیهان و تەنانەت ئێرانیش، منداڵ تا تەمەنی دیاریکراو نابێت کاری پێ بکرێت و دەبێ لەسەر خەرجیی دەوڵەت بنێردرێتە بەر خوێندنەوە و لەژێر چاوەدێریی دەوڵەتدا بێت.

نەبوونی کۆنترۆڵ و چاوەدێری بەسەر ئەو دۆخەدا وای کردووە کە ڕۆژانە ئەو دیاردە دزێوانەی کۆمەڵگا ڕووداوی دیکەی لێ بکەوێتەوە و قوربانییانی ئەو دۆخەش تەنیا خەڵکی هەژار و دەستکورتن.