کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موجتەبا تەوانگەر وتوویەتی، بە ئاسانی دزە دەکرێتە نێو ئەمنییەتی ئیتلاعاتی ئێران

11:48 - 6 خەزەڵوەر 2721

"موجتەبا تەوانگەر" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "ئەمنییەتی ئیتلاعاتی ئێمە لە دۆخێکی خراپدایە و جێگای نیگەرانییە، بەجێی ئینتێرنێت باشترە ئەمنییەتی ئیتلاعاتی خۆمان بەهێز بکەین".

"تەوانگەر" باسی لەوە کردووە: "هەست بەوە دەکرێت ژێرخانی ڕاگواستنی زانیارییەکانی چەند سیستمی گرینگی ئێمە، لەسەر ماهوارەی یەکێک لە ڕکابەرەکانمان لە ناوچەدا بێت، بۆیە پێویستە ڕێگاکانی دزەی سایبێری بناسرێن و پێشیان پێ بگرین".

ناوبراو زیادی کردووە: "سیستمە گرینگەکانی ئێمە لەسەر هێڵی ئینتێرنێتدا نین و بێهوودە چەند کەسێک بە مەبەستی نادیار دەیانهەوێت ئینتێرنێت سنووردار بکەن و کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە ئینتێرنێت و کاروباری هاووڵاتیاین لە دونیای خوازەکی بەو شێوەیە تووشی گرفت بکەن".

کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران بەردەوام باس لەوە دەکەن کە ئەمنییەتی ئەوان بە جۆرێکە کە هیچ کەس و وڵاتێک ناتوانێت دزەی تێدا بکات، لە حاڵێکدا چەند ڕۆژ پێش هێرشی سایبێری کرایە سەر پۆمپی بێنزینەکانی کوردستان و ئێران.

لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل بە ئاسانی هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و ڕێژیمیش خۆی دانی بەو هێرشانەدا ناوە.