کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مووسەویی مەجد" ئێعدام کرا

12:41 - 30 پووشپەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران بەندکراوێکی ئەمنییەتیی ئێعدام کرد کە بە پێدانی زانیاری بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو.

ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، "مووسەویی مەجد" زیندانیی ئەمنییەتیی تۆمەتبار بە سیخوڕی بۆ ئامریکا و ئیسرائیلیان ئێعدام کردووە.

"مەجد" ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٧ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران دوای پێداچوونەوە بە تاوانە وەپاڵ دراوەکانی ناوبراو، ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ٩٨ حوکمی ئێعدامی ناوبراوی دەر کرد.

ناوبراو لە دادگادا بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل مەحکووم کرابوو.

 حوکمی ئێعدامی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە گەڕایەوە دادگا و جارێکی دیکە لەلایەن دادگاوە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٨دا حوکمی ئێعدامی پێ درا و ئەمجار حوکمەکەی پەسەند کرا.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە کە ناوبراو لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی "مووساد" و "سیا" پەیوەندیی بووە و لە بری وەرگرتنی دۆلار زانیاریی بەو ناوەندە ئەمنییەتییانە داوە.

یەکێک لە تاوانەکانی ناوبراو ڕاگەیاندنی شوێنی هاتوچۆی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" و هەندێک لە فەرماندە نیزامییەکان لە زۆربەی کاتەکاندا بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی "سیا" و "مووساد" بووە.

ناوبراو بەهۆی شارەزایی بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی توانیویەتی خۆی بە هێزە موستەشارەکانی ئێران کە لە "ئیدلب" تا "لازقییە" جێگیر بوونە نزیک بکاتەوە و ببێتە خاوەن بەرپرسایەتی لەوێدا.

ناوبراو ئەندامی سپای تیرۆریستی پاسداران نەبووە، بەڵام لە بەرگی "دیلماجـ"ـدا توانیویەتی بە زۆربەی خاڵە هەستیارەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە و هێزە موستەشارەکانی لە سووریەدا بگات.

هەندێک لە پسپۆڕانی سیاسی و شرۆڤەکارانی ئێرانی وتوویانە کە ناوبراو سیخوڕێکی گرینگ نەبووە، بەڵام دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران بە ئێعدامکردنی ناوبراو دەیەویست سەرکەوتنێکی درۆیین لەجیاتیی کوشتنی قاسم سلێمانی بۆ خۆیان تۆمار بکات.