کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەکانی ڕێژیم بانگەشە بۆ دەسەڵات دەکەن

12:06 - 7 بەفرانبار 2719

کوردسان میدیا: مەلاکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بۆ بانگەشە بە قازانجی ڕێژیم کەڵک وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە نوێژی ڕۆژی هەینی، ٦ی بەفرانباردا، "مەلا محەممەد مەحموودی"، پێشنوێژی شاری ڕوانسەر، بانگەشەی بۆ ڕێژیمی ئێران و دەسەڵاتەکەی کردووە.

پێشنوێژی ڕوانسەر لە نوێژی هەینیدا باسی لەوە کردووە کە دەبێ ڕۆژی ٩ی بەفرانبار بە ڕۆژی بەیعەت و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ئارمانەکانی خومەینی بزانن و لەم ڕۆژەدا بە قازانجی ڕێژیم چالاکییان هەبێت.

ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ساڵی ٨٨، ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ناڕازییانی هەڵبژاردنەکانی ٨٨ کە لە ڕۆژەکانی عاشوورا و تاسووعای حوسێنیدا دەستیان بە ناڕەزایەتیدەربڕین کردبوو، قوتابییان، کارمەندان و زۆربەی خەڵکی بە زەبر و گوشار ناچار کرد کە بێنە سەر شەقام و بە دژی خۆپیشاندەرانی ٨٨ ڕێپێوان بکەن.