کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەیەکی سەربە ڕێژیمی ئێران لە غەزە کوژرا

11:29 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی فلستین، مۆرەیەکی سەربە ڕێژیمی ئێران له شاری غەزە کوژرا.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گرووپە توندڕەوکانی جیهادی ئیسلامیی فلستین، حەماسی فلستین و گرووپە تێرۆریستییەکانی تری سەربە ڕێژیمی ئێران لە ناوچە سنووریی وڵاتی فلستین و بەتایبەت لە شاری غەزە، هێرشێکی چڕوپڕیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی سنووریی وڵاتی ئیسرائیل و لە ئاکامدا چەند هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کە یەکیان پیرەپیاوێکی ۸۰ ساڵە بووە، لەگەڵ چەند کەس لە هێزەکانی سپای ئیسرائیل کوژراون.

هێزەکانی سپای ئیسرائیل، لە تۆڵەی ئەو هێرشەی گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زۆر بە چڕوپڕی بەردەوام بە فڕۆکەی شەڕکەر، مووشەک، جۆرەکانی خۆمپارە و تۆپ و هاوەن هێرشیان کردووە سەر هەموو ئەو ناوچانەی شاری غەزە و دەوروبەری کە گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی لقی قودسی سپای پاسدارانی تێدا جێگیر کراون و ڕێژەیەکی زۆر لەو تێرۆریستانە بە سزای کردەوەکەیان گەیشتوون و کوژراون کە تاکوو ئێستا ئاماری ڕێژەی کوژراوەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

لە درێژەی ئەو هێرشانەدا، مۆرەیەکی سەربه ڕێژیمی ئێران، بە نێوی "حامێد عەبد خۆزری"، تەمەن ۳٤ ساڵ، کە ئەرکی تایبەت بوو بە گواستنەوەی پارە هەناردراوەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی فلستین و بە مۆرەی قاچاخچیی دۆلارەکانی هەناردەی ڕێژیمی ئێران بۆ غەزە دەناسرا، لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە شناسایی کرا و ڕۆژی یەکشەممە ۱۵ی بانەمەڕ، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا، ترۆمۆبیلەکەی کراوەتە ئامانجی مووشەکێکی هێزەکانی سپای ئیسرائیل و ئەو مۆرە سەرەکییەی ڕێژیمی ئێران کوژراوە.

لەم بارەی ڕادیۆ دەنگی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا مۆرەی قاچاخچیی دۆلارە هەناردراوەکانی ڕێژیمی ئێران شناسایی بکات.

تاکوو ئێستا ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ئەو شەڕ و ئاژاوەیە کە لە فلستین ناویەتەوە و کوژرانی میلیشیا تێرۆریستییەکان و بەتایبەت ئەو مۆرە تایبەتە سەرەکییەی خۆی، وەکوو هەموو جارەکان بێدەنگی هەڵبژرادووە.