کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میسر هێرشی بەردەوامی حووسییەکانی بۆ سەر عەرەبستان مەحکووم کرد

12:12 - 12 رێبەندان 2720

وڵاتی میسر هێرشی بەردەوامی میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر عەرەبستان بە توندی مەحکووم کرد.

ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان، وڵاتی میسر پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حووسییەکان لە یەمەن کە هەڵگری ماددەی تەقینەوە بووە، هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر وڵاتی عەرەبستان بە توندترین شێوە مەحکووم کرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیانییەکەیدا بەنیسبەت پشتیوانیی وڵاتەکەی لە عەرەبستان بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی و پارێزگاریی لە خەڵکی وڵاتەکەی، جەختی لەسەر بەرەوڕووبوونەوە و شەڕ لەگەڵ "هێرشە ترسنۆکانە تێرۆریستییەکان" کردەوە.

ئەو بەیانییەیە پاش خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە هەڵگریی ماددەی تەقینەوە بوو لەلایەن هاوپەیمانیی نیزامیی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستانەوە بڵاو کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تێلێڤیزیۆنیی دەوڵەتی عەرەبستان ئەو فڕۆکەیە لە ڕێگای ڕۆیشتن بۆ عەرەبستان و لە هەرێمی ئاسمانیی یەمەندا خراوەتە خوارەوە.

دەوڵەتی میسر پێشتر چەندین جار پشتیوانیی خۆی لە هاوپەیمانیی نیزامیی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستان بۆ شەڕ لەگەڵ میلیشیا چەکدارە حووسییەکان دەربڕیبوو و جەختی کردبووەوە کە کردەوەکانی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ناکۆکی و قەیرانەکان لە یەمەندا پەرە پێ دەدات.