کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میسر پێش بە هەناردە کردنی نەوتی ئێران بۆ سوورییە دەگرێت

13:24 - 26 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی میسر پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگای کاناڵی سۆئێزەوە بۆ سوورییە دەگرێت.

ڕۆژنامەی "ئەلسەعوودییە ئەلئان"، چاپی عەرەبستانی سعوودیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی  کردووەتەوە کە دەوڵەتی میسر لە بڕیارێکی لەناکاودا، پێشی بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی کاناڵی "سۆئێز"ەوە بۆ سوورییە گرتووە و ئێران ناچار بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی عێراقەوە و بە تانکێر بووە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی"والستریت ژۆرناڵ"، چاپی ئامریکا، لە سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوەدا، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، کە گوایە ئامریکا داوای لە دەوڵەتی میسر کردووە، کە هاتوچۆی نەوتکێشەکانی ئێران لە کاناڵی سۆئێزەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ سوورییە ڕابگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامە ئامریکاییە، دەوڵەتی میسر بۆ پشتیوانی لە گەمارۆکانی ئامریکا هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی لەم کاناڵەوە ڕاگرتووە.

ڕاپۆرتەکانی ئەم دوایانە لەو بابەتەوە باس لەوە دەکات کە بە هۆی بەستنی ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کاناڵی سۆئێزەوە ئێران ناچار بووە لە حەوتووی ڕابردوودا ١٢٠٠ تانکێر نەوت لە رێگای عێراقەوە بۆ سوورییە هەناردە بکات.

 سەرەڕای ئەوەش، دەوڵەتی سورییە پێویستیی بە نەوتی زیاترە و سەفەکانی بێنزین لەو وڵاتەدا درێژتر دەبنەوە و ئەمەش کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێرانە، کە بووەتە هۆی کاریگەری دانان لە سەر وڵاتانی دراوسێی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.