کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیاردێرەکانی ئێران ماڵیات نادەن

12:46 - 5 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: نیوەی ئەو کەسانەی کە داهاتی میلیاردییان هەیە، ماڵیات نادەن و لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران بۆ وەرگرتنی ماڵیات گوشاری خستووەتە سەر توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگە.

ڕۆژی شەممە، ٤ی خەزەڵوەر، '' ئومید عەلی پارسا''، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتیی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "زیاتر لە ٣ هەزار کەس لە ئێراندا داهاتی سەرتر لە میلیاردیان هەیە کە لەم ڕێژەیە نیوەیان ماڵیات نادەن".

ناوبراو وتوویەتی: "لیستی ئاڵووێرە بانکییەکانی ٣ هەزار کەس کە داهاتیان لە سەرەوەی میلیاردە، خراوەتە بەردەست ڕێکخراوی ماڵیات کە نیوەی ئەم کەسانە کە دەبێ ماڵیات بدەن، لەخۆ ناگرێت و نیوەی دیکەشی کە دەبێ ماڵیات بدەن، کەمتر لە ڕادەی خۆیان ماڵیات دەدەن".

پێشتریش، '' فەرهاد دژپەسەند''، وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران، خۆدزینەوە لە دانی ماڵیات لە ئێرانی بە زیاتر لە ٣٠ تا ٤٠ هەزار میلیارد تمەن بەراورد کردبوو.

بەپێی بودجەی ساڵی ١٣٩٨ی ڕێژیم، داهاتی ماڵیاتی، زیاتر لە ١٤١ هەزار میلیارد تمەن دیاری کراوە.

کەسانێک کە داهاتیان لە سەرەوەی میلیاردە، مۆرەکانی خودی ڕێژیمن کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە پەیوەندیدان و لە ڕێگای ڕانت و باندبازی لە دانی ماڵیات خۆدەبوێرن؛ لە بەرامبەریشدا ڕێژیمی ئێران گوشاری بۆ سەر توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگە هێناوە.

هەروەها، ناوەندە پەیوەندیدارەکانی سەر بە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم، وەکوو: ''ئاستانی قۆدسی ڕەزەوی، بنکە ئابوورییەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ستادی بەڕێوەبەریی فەرمانی خومەینی، حەوزەکانی عێلمییە و..." لە دانی ماڵیات مەعاف کراون.