کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ میلیارد دۆلار پارەی ئێران لە ئیتالیا بلۆکە کراوە

17:12 - 19 خەزەڵوەر 2720

نزیکەی ٥ میلیارد دۆلار داهاتی هەناردەکردنی ئێران لە وڵاتی ئیتالیا بلۆکە کراوە و ڕێژیمی ئێران بەهۆی قەبووڵنەکردنی FATF ناتوانێ دەستی بەو پارەیە ڕابگات.

''ئەحمەد پوورفەلاح'' بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران و ئیتالیا، وتوویەتی گەمارۆ ئابوورییەکان، واژۆنەکردنی FATF و نەبوونی سیستمی بانکیی سوئیفت زیانێکی قورسی بە ئێران گەیاندووە.

ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی ئێران و ئیتالیا وتویەتی؛ نزیکەی ٥ میلیارد دۆلار داهاتی ئێران لە هەناردەکردنی سووتەمەنی لە بانکەکانت ئیتالیا بلۆکە کراوە و کۆماری ئیسلامی دەستی پێ ڕاناگات.

نابراوە وتوویەتی: ''سەردەمانێک ئیتالیا شەریکی یەکەمی بازرگانیی ئێران بوو بە شێوەیەک هەتا ١٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێژەی مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگەیشتە یەک میلیارد و ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆ، و ئیتالیا تا ڕادەیەک پێویستیی هەموو پاڵاوتگەکانی ئێرانی دابین دەکرد بەڵام ئەمڕۆ ئیتالیا یەک بەرمیل نەوت لە ئێمە ناکڕێت''.

ئەو کارناسەی کاروباری بازرگانی باس لەوە دەکات ئاستی بازرگانیی ئێران و ئیتالیا گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار کە زۆر کەمە.

''پوورفەلاح'' جەختی کردووەتە بەرپرسان و کاربەدستانی ئێران بزانن کە تەنانەت ئەگەر گەمارۆکانیش لەسەر ئێران هەڵبگیرین بەڵام FATF قەبووڵ نەکەین هیچ سودێکی نییە چوونکە ناتوانین پارە ڕابگوازین.