کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزەکردن و تۆپباران کردنی کوردستان بەردەوامە

18:28 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم بۆ هەرچی زیاتر میلیتاریزە کردن و لەدرێژەی کاولکارییەکانی لە کوردستان، سپای پاسداران کۆمەڵێکی بەرچاو چەکی قورس و نیوەقورسی ڕەوانەی شارە سنوورییەکانی کوردستان کرد و بەرزاییەکانی حاجی عومەرانیشی تۆپباران کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران، بەخەتی و بۆ جارێکی دیکە بەرزایییەکانی حاجی عومەران لە سنووری شاری پیرانشاریان، کردە ئامانجی خۆیان و کەشێکی نەشیاوی ئەمنیەتییان بەسەر ناوچەدا زاڵ کرد.

بەپێی دوایین زانیارییەکان لەو تۆپبارانەدا خەسارەتی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە و بەشێکی بەرچاویش لە لەوڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تۆپبارانکردنی بەرزایییەکانی حاجی عومەران، لە لایەن سپای پاسدارانەوە درێژەی هەیە.

هاوکات لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران ڕەوانە کردنی چەکوچۆڵی قورسی بۆ کوردستان زیاتر کردووە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە بە دەستی کوردستان میدیا گەیشتووە، سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورس و نیوەقورسی لە جۆری تۆپ، تانک و کاتیوشای ڕەوانەی شارە سنووریییەکانی وەک مەریوان، شنۆ و پیرانشار و سەردەشت کردووە.