کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، تاقیکارییەکی مووشەکییان ئەنجام دا

10:58 - 5 بەفرانبار 2721

میدیاکانی سووریە باسیان لەوە کردووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دڕۆنێکی نوێی ئێرانیان بە ناوی "ئەبابیل ٣" لە ڕۆژهەڵاتی "دێرەزوور" تاقی کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی مافی مرۆڤی سووریە، شوێنی تاقیکردنەوەی دڕۆنە ئێرانییەکە، کێڵگەکانی "ئەلمەیادین" لە ڕۆژهەڵاتی سووریە بووە کە بارەگای ئەو گرووپانە لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە.

ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و پەروەردەیی ئیسرائیل بە ناوی "ئالما" حەوتووی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا بە سەردێڕی "سیستەمی مووشەکیی ئێران، هەڕەشەیەکی جیهانی" باسی لە پڕچەککردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە "دڕۆن" لە ناوچەدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، سپای تێرۆریستی پاسداران، میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە خۆی لە سووریە، لوبنان، یەمەن، عێراق و فەلەستین بە ٩ جۆر و ٤٨ مۆدێل دڕۆنیئێرانی چەکدار کردووە.

لە ئێستادا "حیزبوڵڵا" خاوەنی  دوو هەزار دڕۆنی ئێرانییە.

ئەو ڕاپۆڕتە هەروەها زیادی کردووە: "سپای پاسداران ٢٠ ناوەندی بەرهەمهێنان، ئەمبار و کارگەی دڕۆنی لە ئێران، عێراق، سووریە و لوبنان دامەزراندووە".

بنکە نیزامییەکانی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق و سووریە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بوونەتە ئامانجی هێرشی دڕۆنی و ڕاکێتیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

"وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا" دوای دەسبەسەرداگرتنی بارێکی چەکوچۆڵی حووسییەکان لە دەریای عەرەب، ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پشتیوانییەکانی ئێران لە میلیشیا چەکدارەکان، ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەوە.

"کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەنای ئامریکا" کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز، گەڵاڵەیەکی بۆ ڕێگریکردن لە کەڵکوەرگرتنی دڕۆن لەلایەن ئێران و میلیشیاکانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران خستە ڕوو.