کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ میلیون ئێرانی لە ڕۆژدا بە زۆر ژەمێک خواردنیان دەست دەکەوێت

12:29 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وادە و بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کونتڕۆڵی بازاڕەکانی ئێران، بە هیچ دەرچوو و نرخی شتومەکەکان لە ئێراندا چەند قات گرانتر بووە.

پاش ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە، نرخی شتومەکە سەرەکییەکان ڕووی لە زیادبوون ناوە، بەرزبوونەوەی نرخەکان بە هۆی بەرزبوونەوە نرخی دۆلار بووە، کە لە ٤٢٠٠ تمەن نزیک بە ٨٠٠٠ هەزار تمەن گەیشتووە.

لەم پێوەندییەدا سەرۆکی ڕێژیم، حەسەن ڕۆحانی، پاش ڕاگەیاندنی نرخی ٤٢٠٠ تمەنی دۆلار، وادەی بە خەڵک دا، کە نرخی شتە سەرەکییەکان بەرز نابێتەوە و دەوڵەتەکەی ئەو بۆ کونتڕۆڵی بازاڕ و ڕاگرتنی نرخی شتومەکەکان پێشبینی هەموو شتێکی کردووە.

ئەم وادە و بەڵێنییانەی بەرپرسانی ڕێژیم، لە حاڵێکدایە کە نرخەکان هێندە بەرز بوونەتەوە کە خەڵک بۆ کڕینی شتومەکە پێویستەکان ناچارن چەند قات زیاتر لە جاران پارە بدەن، کە لە نێوان خەڵکی ئێراندا ٥ میلیۆن کەس، تەنانەت تواناییی کڕین و دابینکردنی ژەمێک خواردنیان نییە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکە سەرەکییەکان، بەرپرسانی ڕێژیم لە هەمبەر چوونەسەرەوەی مووچەی کرێکاران و خەڵکی هەژار بوونەتە لەمپەر و مووچەی کرێکارانیان ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن دیاری کردووە، لە حاڵێکدا خودی ڕێژیم ئاستی لانیکەمی بژیوی ژیانی ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن بەراورد کردووە.

لە بوودجەی ئەمساڵدا مووچەی خانەنشینکراوەکان ١٠ لەسەد، مووچەی فەرمانبەران ١٢ لەسەد و مووچە ئەو کەسانەی کە ساڵی پار مووچەکەیان کەمتر لە میلیۆنێک و ٢٠٠ هەزار تمەن بووە، ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.

نێونجیی تێچووە ناپەتییەکانی بنەماڵەیەکی ٣ کەسیی ئێرانی کە لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٣ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن بەراورد کرابوو و لە ئەمساڵدا نزیک بە ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار دیاری کراوە، دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی ئێران لە ژێر سێبەری ئەو ڕێژیمە رۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر و نالەبارتر دەبێت.