![](/content/upload/1/news/50248_w920.jpg)
لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان لە کاتی قسەکانی "ئیبراهیم ڕەیسی" زۆربەی هەیئەتە دیپڵۆماسییەکان کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت و ئەو کەسانەی کە مابوونەوە خەوتبوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا "ڕەیسی" وتوویەتی: "ئێمە بڕوامان بە بەڵێنییەکانی ئامریکا نییە و چەکی ناوکی لە سیستەمی بەرگریی ڕێژیمی ئێراندا هیج جێگەیەکی نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەڵێنییەکانی خۆی کە هەڵگرتنی گەمارۆکان بووە جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو پێشێلی کردووە و لە بەرجام چووەتە دەرەوە".
سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئامریکای بەوە تاوانبار کرد کە گەمارۆکان وەک شەڕێکی نوێ دژی ئێران بەکار دێنێ.
"جۆبایدن" سەرکۆماری ئامریکا لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی کردووەتەوە: "ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ گەڕانەوە و جێبەجێکردنی بەرجام و ئیمە بۆ پێشگرتن بەدەستپێڕاگەیشتنی چەکی ناوکی لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێراندا یەکگرتووین".
"بایدن" وتوویەتی: "ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئامریکا وەکوو کۆتا ڕێگای چارە بژاردەی نیزامی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵدەبژێرێ".
وزارەتی دەرەوەی وڵاتی ئیسرائیل بەنیسبەت لێدوانەکانی "ئیبراهیم ڕەیسی" دژکردەوەی پیشان داوە و وتوویەتی: "ئەو قسانەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بە تەواوی ڕەشبینانە و درۆن و جیهانی پێ فریو دەدات".
لە لایەکی دیکە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، گەمارۆکانی ئامریکای بە تایبەت لە پێوەندی بە دەوا و دەرمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا بە "جینایەتی دژە مرۆیانە" وەسف کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنای لە دوو وڵاتی ئامریکا و بریتانیا قەدەغە کرد.
"ڕەیسی" چەند ڕۆژ پێش لە کۆبوونەوەی "شانگهای" بەشداری کرد. بەڵام بۆ کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆرۆنای کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی نەڕواتە ئامریکا، چوونکە بەهۆی ڕۆڵی سەرەکی و دەستیدابوونی لە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ مەترسی دەسبەسەرکرانی هەیە.