کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"میکانیزمی ماشە" بەڕێوەوەیە

11:52 - 30 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدایە مانگی ژانوییەی ساڵی داهاتووی زایینی "میکانیزمی ماشە" دژی ئەو ڕێژیمە چالاک بکات.

شەش وڵاتی ئورووپایی لە بەیانییەیەکدا داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە بۆ ناوڕۆکی بەرجام بگەڕێتەوە و لە هەنگاوەکانی ئێران بۆ چوونەدەروە لە بەرجام نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی میکانیزمی ماشە، ئەگەر ئێران ڕێککەوتنی ناوکی پێشێل بکات گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو کە دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کراون، دیسانەوە وەگەڕ دەخرێنەوە.

دیپلۆماتکارانی ئورووپا وتوویانە ئەگەر هەڵوێستەکانی ئێران بەنیسبەت بەرجام نەگۆڕدرێت، میکانیزمی ماشە وەگەڕ دەخرێت.

هەتا ئیستا ڕێژیمی ئێران لە چوار قۆناغدا پێبەندییەکانی خۆی بە بەرجام کەم کردووەتەوە.

١٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ ''بێهرووز کەماڵوەندی''، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: "بۆ ئەوەی کە  گوشار بخەینە سەر ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی، هەنگاوی دیکە بۆ کەمکردنەوەی پێبەندی بە بەڵێنییەکانی بەرجام هەڵدەگرین".

ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجام، ئەو ڕێککەوتننامەیەی پێشێل کردووە، بەڵام نکۆڵیی لەو بابەتە دەکرد، کەچی ئێستا بەرپرسانی خودی ئەو ڕێژیمە، باس لە ئەگەری هاتنە دەرەوە لە بەرجام دەکەن و ئاستی پیتاندنیان لە ڕێژەی دیاریکراو تێپەڕاندووە.