کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی هێرشی دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپادا هەیە

12:09 - 1 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای جاسووسیی دەوڵەتی بریتانیا، لە هەمبەر هێرشی دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا و بریتانیادا، هۆشداریی داوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی پووشپەڕ، ڕۆژنامەی "دیلی گرافـ"ـی بریتانیایی بڵاوی کردەوە: "دەزگای جاسووسیی دەوڵەتی بریتانیا هۆشداریی داوە کە لەوانەیە لە داهاتوودا، ئەگەری هێرشی دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا و بریتانیادا پەرەبستێنێت".

ئەم ڕۆژنامەیە لە درێژەدا نووسیویەتی: "لە دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتکێشی ڕێژیمی ئێران لە لایەن دەوڵەتی بریتانیاوە، ئەگەری ڕوودانی هێرشی تێرۆریستی لە لایەن گرووپە تێرۆریستییەکانی ژێر باڵی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا و ئورووپادا، لەسەرێیە".

سرویسە ئەمنییەتییەکانی "MI15 و MI16"ی بریتانیا، ڕێژیمی ئێران لە دوای وڵاتانی ڕووسیە و چین، بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەم وڵاتە دەزانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: " لە ئەگەری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی بریتانیا و ڕێژیمی ئێران، ئەم ڕێژیمە لە ڕێگای تۆڕە تێرۆریستییەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانەوە، هەوڵی ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی دەدات".

هەر لەم ڕاستایەدا، مانگی ڕابردوو، میدیا فەرمییەکانی بریتانیا، هەواڵی دەستگیرکردنی باندێکی تێرۆریستیی سەر بە حیزبووڵڵای لوبنانی بڵاو کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە باری ماڵییەوە پشتیوانیی لێ دەکرد.