کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا گەڵاڵەی ڕاگرتنی دڕۆنەکانی ئێرانی پەسەند کرد

12:24 - 8 بانەمەڕ 2722

مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا گەڵاڵەی ڕاگرتنی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێرانی پەسەند کرد، بەپێی ئەو گەڵاڵەیە کەسانێک کە ئاگایانە پشتیوانی لە بەرنامەی دڕۆنەکانی ئێران بکەن، تەحریم دەکرێن.

ئەو گەڵاڵەیە کە بە ٤٢٤ دەنگی ئەرێنی و دوو دەنگی نەرێنی پەسەند کراوە، دەبێ لە قۆناغی دواتردا بە پەسەندی مەجلیسی سێنا بگات.

''مایکێل مەکال'' نوێنەری کۆماریخواز و ''تێد دویچ'' ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی ئامریکا، لە داڕێژەرانی سەرەکیی ئەو گەڵاڵەیەن.

''تێد دویچ'' ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی ئامریکا سەبارەت بەو گەڵاڵەیە وتوویەتی: ''ئێران لە بەرنامەی دڕۆنەکانی خۆی بۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی جیهانی و بەرژەوەندیی ئامریکا، کەڵک وەردەگرێت و کۆنگرە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو هەوڵە تێکدەرانە، گەڵاڵەی ڕاگرتنی دڕۆنەکانی ئێرانی پەسەند کرد''.

''گای ڕشنتالێر'' ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەران وتوویەتی: ''ئێران لە دڕۆنەکان بۆ کاولکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئێمە لە ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت''.

پێشتریش هۆشداریی ئەوە درابوو کە دروستکردنی دڕۆنی نیزامی لەلایەن سپای پاسداران و ناردنی بۆ گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە لە مانگەکانی ڕابردوودا زیاتر پەرەی سەندووە.