کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەراکێش: ئێران لە هەوڵدایە وڵاتانی باکوور و ڕۆژئاوای ئافریقا ناسەقامگیر بکات

13:20 - 18 بانەمەڕ 2721

''ناسر بوریتە'' وەزیری دەرەوەی مەراکێش، لەبارەی سیاسەتە دوژمنکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناسەقامگیرکردنی باکوور و ڕۆژئاوای ئافریقا هۆشداریی دا و وتوویەتی کە ئێران بە پشتیوانیی چەکوچۆڵ و ڕاهێنانی گرووپی ''پولیساریۆ'' هەڕەشەی بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

 وەزیری دەرەوەی مەراکێش کە وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە هەر بەو هۆیەوە پێوەندیی دیپلۆماتیکی خۆی لەگەڵ تاران پچڕاندووە، باسی لەوە کرد: ''ئێران لە ڕۆژئاوای ئافریقاش چالاکیی هەیە و حوزووری خۆی لە ڕێگای هێزەکانی حیزبوڵڵا بەهێز دەکات''.

ئەو قسانەی ''ناسر بوریتە'' لە وتوویژی ئانلاین لەگەڵ ئەندامانی ''کۆمیتەی پێوەندیی گشتیی ئامریکا – ئیسرائیل'' ناسراو بە ''ئایپک'' باس کراوە و ناوبراو وتوویەتی: "پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەقامگیریی ناوچە و ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلستین زۆر گرینگە''.

 وەزیری دەرەوەی مەراکێش لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە لە بەرامبەر هەڕەشە هاوبەشەکان، ئێمە وەکوو هاوپەیمان بۆ ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران و هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە پێویستیمان بە هاوکاری و هاوئاهەنگییە و دەبێ بە جیددییەوە ڕووبەڕووی چالاکیی گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە ببینەوە.