کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان؛ یەکەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی "مەریوانناسی" بەڕێوە چوو

10:46 - 20 سەرماوەز 2721

کۆنفڕانسی نەتەوەیی مەریوانناسی کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان و بە بەشداریی بەرچاوی توێژەران و نووسەران و خەڵکی شاری مەریوان و کوردستانی باشوور دەستی پێ کرد، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز کۆتایی پێ هات.

لەو کۆنفڕانسەدا نووسەرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور، زیاتر لە ٢٠ توێژینەوەی جۆراوجۆر لەبارەی مێژوو، کولتوور و پێگەی فەرهەنگی و لایەنە جیاجیاکانی شاری مەریوان پێشکەش کرد.

بە وتەی بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسی مەریوانناسی، ئەم کۆنفڕانسە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە: "یەکەمیان دووبارە ناسین و دووبارە خوێندنەوەی مەریوان لە هەموو بوارەکان و دووەمیان ناساندنی ئەم شارەیە بە دەرەوە".

"فاتێح مستەفایی" بەڕێوەبەری کۆنفڕانسی مەریوانناسی لەم بارەیەدا بە ماڵپەڕی "هاژە"ی وتبوو: "کۆنفڕانسی مەریوا‌نناسی لە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە کە بەڕێوە بچێت، بەڵام لەبەر تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا بەڕێوەبردنی دوا خرا".

"مستەفایی" باسی لەوە کردبوو: "سەرەتا لێژنەیەکی زانستی بۆ تاوتوێی تەوەر و بابەتەکان پێک هات، بانگهێشتی زانایانی ئەم بوارە کرا تا لەسەر هەڵبژاردنی بابەتەکان بڕیار بدەن. ۵۵ وتاری زانستی لەبارەی مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئاو و خاک و ئابووریی مەریوان بۆ دەبیرخانەی ئەم کۆنفڕانسە هات و لە کۆتاییدا ٢٢ وتار وەرگیرا."

لەم کۆنفڕانسەدا کتێبی کۆنفڕانسی مەریوانناسی کە بریتییە لە سەرجەم وتارەکانی کۆنفڕانس بڵاو کرایەوە و دەتوانێت سەرچاوەیەکی زانستیی باش بێت بۆ کەسانی لێکۆڵەر.

لە پەراوێزی کۆنفڕانسی مەریوانناسیدا پێشانگای وێنە کۆنەکانی شاری مەریوان و پێشانگای پەیکەرە دارینەکانی هونەرمەند "عومەر پزیشک" لە هۆڵی نیگارخانەی شاری مەریوان بە بەشداریی بەڕێوەبەران و میوانانی کۆنفڕانس کرایەوە.