کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان/ چەکدارکردنەوەی کۆنەپاسدارەکان، بابەتی کۆبوونەوەی سپای پاسداران دژی هەرێمی کوردستان

17:49 - 4 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم پرسە، لە کۆبوونەوەکانی سپای پاسداران لە شاری مەریوان تاوتوێ کراوە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە دوو حەفتەی رابردوودا سپای پاسداران چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ قەرارگای رەمەزان پێکهێناوە و چەندین بابەتی پێوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی ئەو هەرێمە لە عێراق تاوتوێ کراوە.

سەرچاوەیەک بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: لەو کۆبوونەوانەدا سپای پاسداران و قەرارگای رەمەزان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە کۆنەپاسدارە کوردەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئەگەر راگەیاندنی سەربەخۆیی، چەکدار بکەنەوە.

لەو کۆبوونەوانەدا باس لەوە کراوە، پێویستیی توندوتۆل بەو ئەندامە کوردانەی سپای پاسداران هەیە کە پێشتر چەکدار بوون و چاکەکانیان داناوە، یان خانەنشین کراون هەتا لە ئەگەری راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، لەدژی ئەو دەوڵەتە کەڵکیان لێ وەربگیردرێ.

پاش هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بۆسەر پارێزگا سوننەنیشنەکانی عێراق و تێکچوونی ئاسایشی عێراق و هەروەها وەرگرتنەوە و کۆنترۆڵکردنی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، پرسی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمەوە هاتە ئاراوە.

دانیشتوانی کوردستانی باشوور لەو بڕوایە دان، لە ئەگەری سەرەڕۆیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و جێبەجێ نەکردنی یاسا و لە ئەنجامدا زەوتکردنی مافی چارەی خۆنووسینی کوردان بە دەستی خۆیان، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لەو بەشە لە کوردستاندا رادەگەیەنن.

مژاری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور زیاتر لە شۆڤینیستە عەرەبەکان، نیگەرانیی رێژیمی ئێران و بەتایبەت فارسەکانی لێکەوتووەتەوە.