کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەزڵووم عەبدی داوای لە بایدێن کردووە کۆتایی بە هۆلۆکاستی سووریە بێنێت

12:51 - 18 رێبەندان 2720

فەرماندەی هێزە دێموکراتیکەکانی سووریە وتوویەتی کە هیوادارە سەرکۆماری ئامریکا بە ستراتێژییەکی نوێوە ڕۆڵی ئامریکا لە کۆتایپێهێنان بە هۆلۆکاستی سووریەدا چالاک بکاتەوە.

"مەزڵووم عەبدی" فەرماندەی هێزە دێموکراتیکەکانی سووریە، ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "شەرقولئەوسەت" وتوویەتی کە لە چاوپێکەوتندا لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی هاوپەیمانیی دژە داعش بە سەرۆکایەتیی ئامریکا تێگەیشتووە کە ئامریکا مەیلی بەرەو چالاکییە دژە تێرۆریزمەکان زیاتر بووەتەوە.

ناوبراو وتوویەتی: "ئەرتشی تورکیە لە ناوچەکانی ڕەئسولعەین و تێل ئەبیەز لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات ڕۆڵی لە گیانگرتنەوەی داعشدا بووە، چون داعش لەلایەن هێزەکانی تورکیەوە پاڵپشتی دەکرێت".

عەبدی سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ڕێژیمی سووریە وتوویەتی کە وتووێژەکان لەژێر چاوەدێریی سووریەدا دەکرێت و هێشتا لە ئاستی دانوستاندا سەبارەت بە بابەتە نیزامییەکان ماوەتەوە و نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتنی سیاسی، چۆن نیزام گوتاری سڕینەوەی گرتووەتە پێش و بە دوای گەڕاندنەوەی وڵاتەوەیە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی ڕێژیمی سووریە ئەو سیاسەتە لەڕێگای باجوەرگرتن و ناکۆکی خستنە نێوان عەرەبەکان و کوردەکانەوە بەڕێوە دەبات.

مەزڵووم عەبدی وتوویەتی کە هێزە دێموکراتیکەکانی سووریە بەدوای ڕاگرتنی هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی فۆراتدان و لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندییان هەیە.