تورکیە بۆ دوو وڵاتی سوید و فەنلاند مەرجی داناوە کە ئەگەر دەست لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک هەڵنەگرن، ئیزن نادات کە ئەو دوو وڵاتە پەیوەست بە "ناتۆ"وە ببن.
"مەزڵووم کۆبانێ" لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە ئەو مەرجەی تورکیە بۆ ئەو دوو وڵاتەی داناوە، مەترسیی هێرش بۆ سەر "کوردستانی ڕۆژاوا"ی زیاتر کردووە.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە: "ئامانجمان شەڕ لەگەڵ تورکیە نییە، بەڵام ئەگەر تورکیە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هە.سە.دە، ئامادەیی شەڕمان هەیە".
ئامریکا سەبارەت بە هەڕەشەی تورکیە سەبارەت بە هێرشی نیزامی بۆ سەر ئەو بەشەی کوردستان هۆشداریی بە تورکیە داوە.
"ڕووسیە"ش داوای لە "ئەردۆغان" سەرکۆماری تورکیە کردووە کە بیر لە هێرشکردن بۆ سەر کوردستانی ڕۆژاوا نەکاتەوە.
لە شەڕی "ئۆکراین و ڕووسیە"دا دوو وڵاتی سوید و فەنلاند دەیانهەوێت پەیوەست بە ناتۆوە ببن، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی ڕۆژاوا دەکەن، تورکیە پەیوەستبوونی ئەوانی بە ناتۆ مەرجدار کردووە.