کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود بارزانی: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی ئاسایش بۆسەر کەمپی ئازادی پێک بهێنرێت

13:02 - 16 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: پاش چەند رۆژ لە هێرشی هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هاتە دەنگ و بڕیاری پێکهاتنی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، دەرکرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە: مسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لیژنەیەكی بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوی ھەڵكوتانە سەر كەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لەلایەن ئاسایشەوە لە شاری كۆیە، پێک بهێنرێت.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها لە درێژەدا مەبەست لە پێکهێنانی ئەو لیژنەیە، بۆ لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە و گەیشتن بە راستییەكان لە زووترین كاتدا دەگەڕێنێتەوە.

بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی هێزی ئاسایش بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لەحاڵێکدایە کە پێشتریش ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە پێک هێناوە.

سەر لە بەیانیی رۆژی سێشەممە ١٢ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە دوور لە هەرچەشنە پرەنسیپێكی یاسایی ‌و مەدەنی، هێزێكی هاوبەشی ئاسایش ‌و پۆلیسی كۆیە هێرشیان کردە سەر كەمپی ئازادیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە ‌و بێ‌ریزییەكی زۆریان بە ژن‌ و منداڵ ‌و كادر‌و پێشمەرگەكانی حیزب کرد.

پاش هەڵکوتانی هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ سەر کەمپی ئازادی، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئەم هەڵسوكەوتەی هێزەكانی كۆیە‌ی بە تەواوی مەحكووم کرد ‌و داوای کرد كە ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی حكوومەتی هەرێم ‌و هەروەها بەرپرسانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە شاری كۆیە دەوری سەرەكی لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەكە دەگێڕن هەنگاوی جیددی بۆ كۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسووكەوتانە بێنن.

ئاویەر.ت