کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود بارزانی: كێشەی گەلی كورد بە توندوتیژی و كوشتن و بوردومان چارەسەر ناكرێت

10:07 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە نیسبەت هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە: 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە پەلاماری مووشەكی و بوردومانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگای حیزبی دێموكرات لە شاری كۆیە زۆر نیگەران و خەمبارم بە تایبەت كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەجێهێشتووە. لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم، سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی ئەو پەلامارە دەكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.

داوا لە هەموو لایەكیش دەكەم كە هەرێمی كوردستان نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێ چونكە خودی هەرێم كێشە و تەحەددیات و هەڕەشەی گەورەی لەبەردەمە. بە پێویستیشی دەزانم ئەوە بە گشت لایەك ڕابگەیێنم كە كێشەی گەلی كورد بە توندوتیژی و كوشتن و بوردومان چارەسەر ناكرێت و ڕێگە و شێوازی ئاشتیانە باشترین چارەسەرە بۆ هەموو كێشەكان.

مەسعوود بارزانی

٨ی ٩ی ٢٠١٨