کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەشهەد بووەتە شوێنی خۆشگوزەرانیی جینسی پیاوانی عێراقی

18:40 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: مەشهەد کە وەک شارێکی مەزهەبی لە ئێراندا سەیری دەکرێت و جەمسەرێکی گەشتیارییە لە بواری ئایینییەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئاشکرایان کردووە، کە گەشتیارانی عێراقی لەم شارە کەڵکاژۆی جینسی لە ژنان وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "محەممەد قانعی" سەرۆکی یەکیەتیی هۆتێلدارانی خوراسانی ڕەزەوی باسی لەوە کردووە، کە پیاوانی عێراقی لە کاتی سەردان بۆ ئەم شارە بەهرەی جینسی لە ژنان وەردەگرن و ئەو هەواڵەشی پشتڕاست کردووەتەوە.

قانعی باسی لەوەش کردووە: "لە شارەکانی وەک مەشهەد و قوم کە گەشتیارانی ئایینی ڕووی تێ دەکەن، پیاوانی عێراقی بەهرەی جینسی لە ژنانی ئەو دوو شارە وەردەگرن و ئەوەش لەژێر ناوی "سیغە" زیاتر پەرەی ئەستاندووە، بەڵام ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسا لە هیچ شارێکی ئێراندا ئیزن نادرێت  پیاوێکی بیانی لەگەڵ ژنێکی ئێرانی لە هۆتێل وەرگیرێن.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، کە لە شاری مەشهەد ٧ هەزار و ٣٠٠ مسافیرخانە هەیە، کە پیاوانی عێراقی لەو شوێنانە نایاسایی وەردەگیرێن.

هاوکات "ئیبراهیم پوورفەرەج" سەرۆکی کۆمەڵەی گەشتیاران باسی لەوە کردووە، لە نێوان عێراقییەکاندا هەندێکیان تەنیا بۆ پێوندی جینسی سەردانی ئێران دەکەن و مەشهەدیش یەک لەو شارانەیە کە ڕووی تێ دەکەن.

حەوتووی ڕابردووش  ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" بڵاوی کردبووە، نزیک ٥ هەتا ٦ هەزار مسافیرخانە لە مە‌شهەد خەدەماتی جینسی بە عێراقییەکان دەدەن.

ئەو کێشەیە لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باس لە کۆمەڵگەیەکی موسڵمان دەکەن و دەڵێن ئێمە بۆ کۆمەڵگەی تەندروست هەوڵ دەدەین.