کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات ترسی خستووەتە ناو بەرپرسانی ڕێژیمەوە

12:24 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پاسداری تێرۆریست "محەممەد حوسێن باقری" لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پاسدارەکانی ڕێژیمی جارێکی دیکەش هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان و هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پاسداری تێرۆریست "محەممەد حوسێن باقری" سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەردانی خۆیدا بۆ خاڵە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد کە بە هەموو شێوەیەک وڵامیان دەدرێتەوە.

ئەو بەپرسەی نیزامییەی ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە کە بوونی مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێت و داواش لە هەرێمی کوردستان دەکەین کە پێش بە چالاکیی ئەو حیزبانە بگرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک پێش "حوسێن زوولفەقاری"، جێگیری وەزیری ئەمنییەتی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران بە ئاماژەکردن بە چالاکییەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان، ڕایگەیاندبوو: "شوێنی ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە هێندێک لە وڵاتە دراوسییەکانن و ئێمە بە بەرپرسانی ئەم وڵاتانەمان ڕاگەیاندووە، کە خۆیان لەگەڵ ئەم گرووپە تێرۆریستیانە هەڵسوکەوت بکەن و ئەگەر ئەوان ئەم کارەیان ئەنجام نەدا، ئێمە بۆ خۆمان ناچارین بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی وڵاتەکەمان، بنکەکانی ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە سنوورەکان بکەیەن ئامانج" 

لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات دەستیان بە چالاکی کردووە و حکوومەتی ئێرانیش بە بیانووی بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات و ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانیش بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانەوە مووشەکباران کرا.