کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلا "عەلی مەحموودنژاد" مامۆستایەکی ئایینی لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

12:10 - 20 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی مەلا "عەلی مەحموودنژاد"، کوڕی کاک "سەعید" و خاتوو "عایشە"، خەڵکی شاری "شنۆ" لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا "عەلی" لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ١٣٢١ی هەتاوی لەدایک بووە. ناوبراو پێشنوێژی گوندەکانی "پرداوێ"، "سەرگیز" و هەروەها گوندی "قاسملوو" بووە.

مەلا "عەلی مەحموودنژاد"،هەستێکی بەتینی کوردایەتی و باوڕێکی قووڵی بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە. ئەو مامۆستا ئایینییە، بەهۆی هاوکاریکردنی لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە دەیەی چلی هەتاوی لەلایەن هێزە دژی گەلییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەیەک لە زینداندا بووە.

مەلا "عەلی" کاتێک کە پێشنوێژی گوندی "قاسملوو" بووە، لەلایەن ڕێژیمەوە داوای لێ کراوە کە پایگایەکی بەسیج لەو گوندە دابمەزرێنێت و ببێتە بەرپرسی ئەو پایگایە، بەڵام خۆڕاگری و نیشتمانپەروەریی ئەو کەسایەتییە حیزبدۆستە، چۆکی بە دوژمندا هێنا و ناوبراو هیچ کات فریوی بەڵێنییە نێوبەتاڵەکانی ڕێژیمی نەخواردووە و دواتر بەو هۆیەوە لەسەر ویستی خۆی دەستی لە پێشنوێژی کێشاوەتەوە.

تەرمی ئەو مامۆستا ئایینییە لە گۆڕستانی "قەبری شەهیدانـ"ـی شنۆ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مەلا "عەلی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.