کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد نوقمی قەیرانەکان بووە

12:51 - 16 جۆزەردان 2720

دانیشتووانی شاری مەهاباد بەهۆی ئەوەیکە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هیچ خزمەتگوزارییەک ئەنجام نادەن ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاووڵاتییانی مەهابادی باس لەوە دەکەن ئەو شارە نوقمی قەیران و کێشە بووە بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم هەوڵێک بۆ چارەسەریی کێشەکان نادات.

دانیشتووانی ئەو شارە ڕایانگەیاندووە،  قەیران سەرتاپای ئەو شارەی تەنیوە و هیچ لایەنێکیش وڵامدەر نییە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو شارە کۆنن و کێشەی زێراوی ئەو شاره‌ش چارەسەر ناکرێت.

کێشەی ڕێگاوبانی ناو شاری مەهاباد بە تایبەتی کوچە و کۆڵانەکان کێشەیەکی دیکەیە کە بەردەوام هاووڵاتییان باسی لێوە دەکەن و شارەداری هیچ کارێک بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان ئەنجام نادات.

هەتا ئێستا هاووڵاتییان چەندین جار داوایان لە شارەداری کردووە کێشەی چاڵی و چۆڵەکانی شەقام و گەڕەکەکان چارەسەر بکات بەڵام هیچ وڵامێک بە خەڵک نەدراوەتەوە.

کێشەیەکی دیکە کە بەرۆکی دانیشتووانی شاری مەهابادی گرتووەتەوە بۆنی زێراوە کە سەرەڕای ئەوەیکە هاووڵاتییان داوای چارەسەری ئەو کێشەیان کردووە بەڵام هیچ وڵامێكیان پێ نەدراوەتەوە.

هاووڵاتییان هۆکاری سەرەکیی چارەسەنەکردنی کێشەکان بۆ شارەداری و کاربەدەستانی ئەو بنکەی ڕێژیم دەگەڕێننەوە کە شارەداری تاقمێکە و خزمەت بە خەڵک ناکات.