کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناستانداردبوونی قوتابخانەکان لە ئێراندا بەردەوام گیانی منداڵان دەستێنن

13:10 - 29 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئاگرگرتنی سۆبە لە قوتابخانەیەکی زاهێدان، بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار قوتابیی ئەم قوتابخانەیە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٧، وەرگەڕانی سۆبەی نەوتیی یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری زاهێدان، بووە هۆی ئاگرگرتنی ٤ قوتابیی ئەم پۆلە، کە هەر چوارکەسەکەیان بە هۆی سووتانی زیاتر له ٩٠ %ی لەشیان، گیانیان لە دەست داوە.

تەرمی ئەم قوتابییانە به بەشداریی حەشیمەتێکی بەرچاو له خەڵکی سیستان و بەلووچستان بە خاک ئەسپێردران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاگرکوژێنەوەی زاهێدان، هۆکاری ڕوودانی ئەم ڕووداوە، ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتیی ئەم پۆلە بووە؛ هێشتا لە زۆربەی قوتابخانەکاندا کەڵکوەرگرتن لە سۆبەی نەوتی درێژەی هەیە، کە هۆکاری ڕووداوی لەم چەشنەیە.

پێشتریش لە ساڵی ١٣٩١دا ، ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەیەکی کچانە لە شیناوێی سەر بە پیرانشار، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیک به ٣٠ قوتابی کە بەداخەوە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست دا.

کچانی شیناوێ، پاش ٧ ساڵ ژیان لەگەڵ برینە قووڵەکانیان، کە وەبیرهێنەرەوەی ناخۆشترین ڕووداوی ژیانیانە، هێشتا بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لە ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات به بیانووی هەبوونی پێداویستییەکانی دەرمان لە نێو ئێراندا خۆ دەبوێرن.

کچانی شیناوێ لە گرتە ڤیدئۆییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ کچانی زاهێدان دەربڕیوە.

ناستانداربوونی قوتابخانەکانی ئێران و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم به دۆخی قوتابخانەکان بە بەردەوامی گیانی منداڵان دەستێنێت و هیچ کەس یان ناوەندێکیش لەم بارەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.