کەریم پەرویزی
ناسنامەی هاوبەش کە خەڵکی یەک جوغرافیای سیاسی خۆیانی پێ دەناسێنن یان پێناسەیانە بەرامبەر بە خەڵکی غەیر، گرنگترین فاکتەری درێژەدانی پێکەوە ژیانە کە ترازانی ئەو فاکتەرە زۆر بنەما دەخاتە مەترسییەوە. لە سەر عەرزێک کە تێیدا دەژین، خەڵکانی جیهان بۆ پێکەوە ژیان پێویستیان بە ئیدارەکردن و بەڕێوەچوونی یاسا هەبووە و لەو پێناوەشدا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتێک هەبێ کە یاسایەک جێ بخا یان یاسای جێخراو و دامەزراو بەڕێوە ببا، دەوڵەت دروست کراوە و سنوورە خاکی و ئاوییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتیش وڵاتی پێک هێناوە. لە نێو هەر وڵاتێکیشدا خەڵکی نیشتەجێی ئەو وڵاتە یان ناسنامەیەکی هاوبەشیان هەیە یان دەسەڵاتی جێگرتوو (قدرت مستقر) هەوڵ دەدا کە ناسنامەیەکی هاوبەش دروست بکا تاکوو بە شێوەی هەستپێنەکراو (ناخودآگا) خەڵک پێڕەوی لە یاساکانی بکەن.
لە جوغرافیایەکی سیاسیی وەکوو ئێرانیشدا دەسەڵاتەکان هەوڵیان داوە کە ناسنامەیەکی هاوبەش بۆ خەڵکانی نێو ئەم جوغرافیایە دروست بکەن؛ بۆیە دەڵێم دروست بکەن، چوونکە جوغرافیای سیاسیی ئێران ئەو تایبەتمەندییەی نییە کە هەموو خەڵکەکەی بەشێوەی سروشتی ناسنامەیەکی یەکسان و هاوبەشیان هەبێ، بەڵکوو وڵاتێکە بە خەڵکانی جیاواز کە فرە ناسنامەیە.
ئەم فرە ناسنامەییەی خەڵکان لە ئێراندا، بۆتە هۆی گرفت بۆ دەسەڵاتدارانی وڵات. ( بۆیە ناڵێم دەسەڵاتدارانی ناوەند، چوونکە ناوەندبوون بە دەسەڵاتی جێگرتوو نییە، بەتایبەت لە ئێراندا، دەسەڵات دەسەڵاتێکی ناڕەوایە، بۆیە تایبەتمەندیی ناوەندبوونی پێ نادا، بەڵکوو پێناسەی دەسەڵاتی داسەپاو باشتر دەیناسێنێ.) هەر دەسەڵاتێک پێویستیەتی کە بڕیارەکانی گوێی لێ بگیرێ و ملی بۆ راکێشرێ، بەڵام دەسەڵاتی داسەپاو لە ئێراندا لە بەر فرە ناسنامەییبوونی خەڵک، ئەو ئیمتیازەی نەبووە و خەڵک مل بۆ بڕیارەکانی راناکێشن.
لەبەر ئەو گرفتە هەوڵی زۆریان داوە کە ناسنامەیەکی هاوبەشی دەسکرد لە ئێراندا دروست بکەن و بەناو رووناکبیر و سیاسی و دەسەڵاتداران، لە ماوەی نزیک بە سەدەیەکدا هەوڵیان داوە کە ئێرانیبوون پێناسە بکەن و یەک ناسنامەیی بە خەڵکی ئێرانەوە دیار بێ. بۆ ئەم کارەشیان هەموو بنەما و فاکتەرە باشە فەرهەنگییەکانی نەتەوەکانی دیکە (لە روانگەی خۆیانەوە باش) دزیوە و بەرگێکی فارسییان لەبەر کردووە و پێوەر و فاکتەرەکانی دیکەی نەتەوەکانیان بە دواکەوتوو و سووک چاو لێ کردووە و بەم شێوەیە بە دزی و دەسکاری و سووکایەتی، ناسنامەی دیکە بسڕنەوە و ناسنامەی دەسکردی ئێرانی بەسەر خەڵکدا بسەپێنن.
ئەم رەوتە مێژووییە تا ئێستاش سەرکەوتوو نەبووە و شکستی هێناوە و ئێستا زیاتر لە هەموو کات، نەتەوەکان لە ئێراندا وەدوای پێناسەی تایبەتی خۆیانەوەن و ئێرانیبوونێک کە پێناسەی دادپەروەرانە و یەکسان بە هەموو خەڵک ببەخشێ نەهاتۆتە ئاراوە.
ئێرانیبوون سەردەمێک دەتوانێ ناسنامەی هاوبەش بێ کە هەموو نەتەوەکان بە یەکسان چاو لێ بکا و هیچیان بەسەر ئەوی دیکەدا نەسەپێنێ و بە باشتری نەزانێ و هەموو وەکوو یەک لە دەسەڵاتی جێگرتوودا بەشدار بن، گەر وا نەبێ هیچیان ناسنامەی دەسکردی بەزۆرەملێ قبووڵ ناکەن. ئێرانیبوون دەبێ فێدراڵیزمی دڵخوازانە و فرەنەتەوەبوونی جوغرافیای سیاسیی ئێرانی تێدا جێ خرابێ.