ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژوورناڵ'' لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا کردووە و ڕایگەیاندووە کە تاران خەریکی تاوتوێکردنی ڕێگەی جێگرەوەیە، لەوانە کاراکردنی هێڵەکانی شەمەندەفەر بۆ ئەوەی بەشێک لە نەوتەکەی لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە بۆ چین هەناردە بکات و پێداویستییە خۆراکییەکانیشی لە ناوچەی قەفقاز و پاکستانەوە هاوردە بکات.
بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەگەری ئەوە هەیە کە ٤٠ لەسەدی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە بەندەرە گەمارۆدراوەکانەوە بۆ ڕێگە جێگرەوەکان بگوازرێتەوە.
ڕۆژنامەکە لە درێژەدا نووسیویەتی، هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانە، توندئاژۆکانی نێو ڕێژیمی ئێران گەمارۆی دەریایی بە کردەوەیەکی سەربازی دادەنێن کە پێویستی بە وڵامدانەوە هەیە؛ بۆیە داوای دەسپێکردنی شەڕێکی پێشوەختە دەکەن تاکوو لەو ڕێگەیەوە نرخی نەوت لە جیهاندا بەرز بکەنەوە و گوشارەکانی سەر دۆناڵد ترامپ توندتر بکەن.