کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە لەمەڕ مەحکووم کردنی هێرشی پەکەکە بۆسەر حدکا

20:15 - 4 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە لەشاری مەریوان لە نامەیەکدا هێرشی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیان بە براکوژی زانی و پشتگیریی خۆیان لە حیزبی دێموکرات راگەیاند.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەکان
ئەندامانی پارلمانی کوردستان

هەروا کە ئاگادارن زۆر بە داخەوە ئێمە لە رێگای میدیاکانەوە هەواڵی تێکهەڵچوونی هێزەکانی پ ک ک و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانمان پێ گەیشت. کارەساتی لەو چەشنە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئێمەی کورددا بە داخەوە زۆر بووە و باشترین هاوسەنگەر و رۆڵە و ئازیزانمان بە فیڕۆ لەدەست داوە. ئەم کارەساتەی چەند رۆژی رابردوو لە شاخی خنێرە و کێلەشین کە شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە، ئێمە وەک کۆمەڵێک لە پێشمەرگەی دێرینەکانی کۆمەڵە لە شاری مەریوان پێی زویرو ناڕەحەت بووین و ئەم شەڕە بە شەڕی براکوژی و ماڵوێرانی دەزانین و داواکارین هەموو هەوڵەکان بۆ راوەستانی وەها شەڕ و ناکۆکییەک کە تەنیا داگیرکەرانی کوردستان تێیدا قازانج دەکەن بخرێتە گەڕ و لە هەمان کاتدا دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی راگەیەندراوی کۆمەڵە و ئەو هەڵسوکەوتە خۆ بەزلزانین و کوێخایەتییەی پ‌ک‌ک مەحکووم دەکەین و رایدەگەیەنین کە کوردستان موڵکی هیچ لایەنی پارچەکانی دیکەی کوردستان نییە و کوردستانی رۆژهەڵاتیش کوردستانی رۆژئاوا نییە کە بکرێتە مەیدانی رمبازێنی ئەم حیزب و ئەو لایەن. ئێمەی کورد ساڵەهای ساڵە دژی دیکتاتۆریەتی رێژیمی ئیسلامی خەبات دەکەین و خوێنمان بۆ داوە ئێستا هیچ کات لە هیچ لایەن و حیزبێک قەبووڵ ناکەین بە شێوازێکی پاوانخوازانە مامەڵە لەگەڵ پرسە چارەنووس‌سازەکانمان و چۆنیەتی خەبات کردنمان بکات. داهاتووی کوردستانی رۆژهەڵات دەبێت هەموان رۆحی یەکتر قەبووڵکردن و پلۆرالیزمی حیزبی و دیمۆکراسیی تێیدا بێت و لە پێناو بەرژەوەندییە گشتیەکاندا هەنگاو هەڵبگیردرێت. لە کۆتاییدا سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی شەهید قادر کەریمی و سەرجەم ریزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و ئاواتە خوازین چیدیکە هیچ پێشمەرگە و رۆڵەیەکی کوردستان نەکرێتە قوربانی شەڕێک کە تەنیا دوژمنان پێی شاد دەبنەوە.

نا بۆ براکوژی
بەڵێ بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی هێزە سیاسییەکانی کوردستان
کۆمەڵێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە لە شاری مەریوان
٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤