کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی ٢٢ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨

13:04 - 19 خەرمانان 2720

٢٢ ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی ئێرانی و نێونەتەوەیی بە نووسینی نامەیەک، پشتیوانییان لە خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ کردووە.

ئەو ٢٢ ڕێکخراوە لە نامەکەیاندا داوایان لە دەوڵەتەکانی جیهان کردووە کە لە ٤٥ـەمین دانیشتنی شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پشتیوانی لە دامەزراندنی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا و پاش ئەوە بکەن.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ "سەرکوتی بەکۆمەڵـ"ـی خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ و کەڵکوەرگرتنیان لە "هێزی زۆری نایاسایی" بۆ کوشتنی سەدان خۆپیشاندەر و دەسبەسەریی هەزاران خۆپیشاندەر وتوویانە: "ئەم خاڵانە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە سێبەری پچڕاندنی بێوێنەی یەک حەوتوویی ئینتێرنێت لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە".

لەو نامەیەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتی لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس و لەوانە ٢٣ منداڵ کراوە کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا فیشەک لە سەر یان بەشی سەرەوەی جەستەی خۆپیشاندەرانی داوە کە ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە مەئموورانی بەناو ئەمنییەتیی ڕێژیم بە مەبەستی کوشتن تەقەیان لە خەڵک کردووە.

ئەو نامەیە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بۆ وڵاتانی جیهان بنێردرێت، داوای لە دەوڵەتەکانی جیهان کردووە کە کۆتایی بە "درێژەدان بە قەیرانی پارێزراویـ"ـی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا بێنن.