کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نانی گران لە سفرەی خاڵی

11:59 - 11 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هەژاری و گرانی لە ئێراندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڵدەکشێت و لە هەمان کاتدا نان گران بووە و ڕێژیمیش پەسندی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە بڕیارێکدا، "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نانی لە ناوەندی پارێزگاکانی ئێران و کوردستاندا گرانتر کرد.

بەپێی ئەو بڕیارەی "ڕووحانی"، نان ١٠ لەسەد گرانتر بووه.

"حەسەن یونس سینکی"، جێگری وەزیری پیشەی ڕێژیم وتوویەتی: "ڕووحانی بڕیاری نەداوە کە نان لە سەرتاسەری ئێراندا گران بێت".

هەروەها سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، "بیژەن موقەددەم"، سەرۆکی یەکیەتیی نانواکانی ئێران ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار لەسەر نرخی نانی دەوڵەتی درا و ئێمە نرخە پیشنیارییەکانی خۆمان بە ناوەندەکانی تر ڕاگەیاندووه".

ساڵی ٩٦ی هەتاوی، ستادی ڕێکخستنی بازاڕ، لە کۆتایییەکانی مانگی خەزەڵوەردا، نرخی نانی ١٥ لەسەد گران کرد، بەڵام ئەو بڕیارە دوای چەند ڕۆژ هەڵوەشایەوە. هەنووکەش کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە نرخی ئارد و گەنم لە ئێراندا بەرز دەکەنەوە و بە هەمان شێوەش نان گرانتر دەکەن.

گرانبوونی نان لە ئێراندا لەگەڵ نرخی گەنم پێکەوە ناکۆکە؛ هەر کیلۆ گەنم نرخی کەمتر لە ١٨٠٠ تمەنە کە جووتیاران بەنیسبەت ئەو نرخە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، نرخی کەلوپەلەکان بەتایبەتی خواردەمەنییەکان بەرز دەکاتەوە کە ئەوەش لەگەڵ دۆخی ئێستای ئابووریی ئێراندا ناگونجێت.